وەزارەتی پەرورەدە: "بە بەغدامان ڕاگەیاندووە مووچەی مامۆستایان چەندی دەوێ"

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاشكرای كرد، بەغدا بەڵێنی داوە بۆ دابینكردنی مووچەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان هاوكاریمان بكات؛ وەزارەتی پەروەردەش زانیاری لەبارەی ڕێژەی پارەی موچەی مامۆستایانی ناردووە بۆ بەغدا.
شۆڕش غەفووری، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "پرسی ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە نییە كە باسی لێوە دەكرێت؛ حكوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە هاوكارییەکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بکا بۆ دابینكردنی مووچەی مامۆستایان."
غەفووری گوتیشی: "بەغدا نەیگووتوە چەند مووچە دەنێرن، بەڵكۆ هەندێ پارە دەنێرن بۆ وەزارەتی پەروەردە و ئێمەش لیستی ناوی مامۆستایانمان نەناردووە بۆیان، ئەوەندە نەبێ بە حكوومەتی عێراقمان گوتووە موچەی مامۆستایان ئەوەندەی دەوێ."
دەربارەی هاوكارییەکەی مامۆستایانیش، شۆڕش غەفووری دەڵێ: "ئەو پارەیەی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری لێ دراوە، مووچە نییە، هەر هاوكارییەكە بۆ خەرجی هاتوچۆی مامۆستایان و لەگەڵ مووچەدا دابەش ناكرێت."
قائید میرۆ




