مەلا سالم شەبەک: ئەمڕۆ نۆ گوندی دەڤەری خازری شەبەکان ئازاد کران

خازر-KDP.info- نوێنەری کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لە ھێرشی ئەمڕۆی ھێزی پێشمەرگە لە خازرەوە بۆ سەر داعش نۆ گوندی شەبەک ئازاد کراون و، چاوەڕوان دەکرێت تا دووسبەی ھەموو گوندەکانی شەبەک ئازاد بکرێن.
نوێنەری کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق مەلا سالم شەبەک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھێرشی ئەمڕۆی ھێزی پێشمەرگە لەمیحوەری خازر بۆ سەر تیرۆرستانی داعش نۆ گوندی کوردانی شەبەک ئازاد کراون و ئێستا ھێزی پێشمەرگە گەیشتوونەتە دووڕیانی قەرەقوش."
مەلا سالم شەبەک گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت تا دووسبەی ھەموو گوندەکانی شەبەکان ئازاد بکرێن.
گوتیشی، ئێمە ئەمڕۆ وەکو کوردی شەبەک بە فەوجێک لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەدا بەشداریمان لە شەڕی دژی داعش لە میحوەری خازر کردووە.
شەبەک ڕوونیشی کردەوە، ئەوە نۆ گوندمان ئازاد کراوەتەوە و، ئێستا ٤١ گوندی دیکەی شەبەکان ماوە ئازاد بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




