زێباری: پێشمەرگە 125 كیلۆمەتر چوارگۆشەیان پاك كردەوە..داعش زیانێكی زۆریان بەركەوتووە

خازر-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری خازر ڕایدەگەیێنێت، هەموو ئەو شوێنانەی كە دەستنیشان كرابوون بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆ، ئازاد كراون كە ژمارەیان 9 گوندە و 125 كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت.
(شێخ عەتۆ زێباری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە ئەو شوێنانەی كە دەستنیشان كرابوون بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی ئەم بەیانییە، ئێستا هەموویان لە دەست هێزەكانی پێشمەرگەدان كە نزیكەی 125 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و شوێنی ستراتیژی و گرینگن كە ژمارەیان 9 گوندە".
(زێباری) دەیشڵێت: "هەر چەندە ئاماری تەواومان لە بەردەستدا نییە، بەڵام تا چوار ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراوی تیرۆریستانی داعش تەقێنراونەتەوە و زیانێكی زۆریش بە داعش كەوتووە، هەروەها لەو سنوورەدا كوژراوی زۆریان هەیە كە لە چەند شوێنێك ویستیان ڕابكەن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە رێگای لێیان گرت و لێیان دان".
كاتژمێر دوازدەی شەوی 16ـی لەسەر 17ـی ئۆكتۆبەری 2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقدا، ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تاوتوو كرا و هەرلەو پێوەندییەدا، جەخت لە هەماهەنگیی تەواوی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی كرایەوە، هەروەها كاتژمێر سفری دەستپێكی ئۆپەراسیۆن دیاری كرا.
نەشوان بەرزنجی




