میدیا نێودەوەڵەتییەكان، ئەمڕۆ ڕاپۆرتی سەرەكییان لەسەر ئۆپەراسیۆنی مووسڵه و ڕۆڵی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن

بیبیسی-KDP.info- ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ دواترین قەڵای داعش لە عێراقدا، كە لە ساڵی (٢٠١٤)ـوە كەوتووەتە ژێر دەستیان، یەكەم هەنگاوی لەناوچوونی یەكجارەكیی داعشە لەو وڵاتەدا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (بیبیسی)، لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممەدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كۆتاییان بە چاوەڕوانی هێنا و تۆپخانەكانیان یەكەمین ئاگری شەڕیان بەردایە چەكدارەكانی داعش لە مووسڵ، تانكەكانی پێشمەرگە بەرەو پێشەوە و ڕووە و شارەكە هەنگاو دەنێن و سەركەوتوون.
(ئۆرلا گویرین) پەیامنێری كەناڵی (بیبیسی) لە ڕۆژهەڵاتی (مووسڵ)ـەوە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا و لە ڕووماڵی ئۆپەراسیۆنەكەدا لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت، تانكەكانی هێزەكانی پێشمەرگە بەنێو تەپوتۆز و هەوری دوكەڵدا بەرەو پێشەوە دەڕۆن.
فەرەماندەییەكی هێزەكانی پێشمەرگەیش لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت، "ئەگەر بێتو ئەمڕۆ من بكوژرێم ئەوا بە دڵخۆشییەوە دەمرم، چونكە هەست دەكەم بۆ گەلەكەم شتێكم كردووە. ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)ـیش لە مەیدانی شەڕەوە پەیامی پێشمەرگەكانی وەرگرتووە، یەكێك لە پێشمەرگەكان گوتوویەتی، "شەڕەكە دەستی پێ كرد، هەر كە لێرەیش تەواومان كردن، تا (ڕەققە) ڕاویان دەنێین".
لە (بیبیسی)ــدا هاتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق لە تەلهڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە ڕایگەیاند كە "ئیدی سەركەوتن دەستی پێ كرد، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكان بۆ ئازادكردنەوەی مووسڵتان پێ ڕادەگەێێنم، پشتیوان بە خودا كە لە مووسڵ پێتان دەگەین و ئاهەنگی ڕزگاری و ئازادبوونی ئێوە دەگێڕین، جارێكی دیكە دەتوانین پێكەوە بژین، هەموو ئایینەكان یەكگرتوون و پێكەوە داعش دەڕوخێنین و دەست بە دروستكردنەوەی ئەم شارە ئازیزەمان (مووسڵ) دەكەینەوە".
هەروەها (ئاشتن كارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمەریكا شەڕی مووسڵ بە شەڕیكی گەورە و قورس لە قەڵەم دەدا، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكە و ئامادەكارییەكان بە چالاك و گورج و گۆڵ ناو دەبات و دەڵێ، ئەوە ساتێكی یەكلاكەرەوەیە و دوایین تێكشكاندنە.
شیاوی باسە، زۆربەی میدیا نێودەوەڵەتییەكان بە (بیبیسی و، ڕۆیتەرز و، تەلگراف و، گاردیان و، هەروەها میدیا ئەمەریكاییەكان و، میدیاكانی ناوچەكەیش) ئەمڕۆ ڕاپۆرتی سەرەكییان لەسەر ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ بوو، هەروەها ڕۆڵ و بازووی پێشمەرگەیش لە یەكەم هەنگاوی شەڕەكەدا بە بەرزی دەنرخێنن.
لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە ساڵی (٢٠١١)ـدا، میدیا نێودەوڵەتییەكان دەڵێن ئەوە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە لە نێوان هێزەكانی عێراقی و پێشمەرگە و هاوپەیماناندا كە ئەنجام دەدرێت، پڕۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە هەستیار دادەنرێت نەك هەر لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵكو لە ڕووی مرۆییشەوە، چونكە چاوەڕێ دەكرێت نزیكەی ملیۆنێك كەس ئاوارە ببن و، لەو بارەیەوە ئامادەكارییە مرۆییەكان لەپاڵ ئامادەكارییە سەربازییەكاندا بە گرینگ باس دەكرێن، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەگەڵ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەدا دووپاتیان كردەوە، لەگەڵ گەورەیی شەڕەكەدا بەلای ئەوانەوە ڕەوشی مرۆیی خەڵكەكەی (مووسڵ)ـیش جێگەی گرینگی و بایەخپێدانە.
و: خالید گەیلانی




