سەید هەژار: هەموو گوندە كوردستانییەكانی ناوچەی خازر كۆنتڕۆڵ كرانەوە

خازر -KDP.info- هێزەكانی پێشمەرگە تەواوی پلانەكەیان جێبەجێ كرد و هەموو ئەو گوندانەی بۆیان دیاری كرابوون، كۆنتڕۆڵ كران، فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش دەڵێ، لە شاری مووسڵ و ناحیەی بەرتلە نزیك بوونەتەوە.
عەمید (سەید هەژار)، جێگری فەرماندەی زێرەڤانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كەمێك بەر لە ئێستا هەموو گوندە كوردستانییەكانی ناوچەی خازر كۆنتڕۆڵ كرانەوە و هێزی پێشمەرگە توانی پلانی ئۆپەڕاسیۆنەكەی ئەمڕۆ بە تەواوی جێبەجێ بكات و 9 گوند كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، ئەو گوندانە هەموویان لە ژێر دەستی پێشمەرگەدان و تیرۆریستانی داعشی نێو گوندە ئازادكراوەكان یان كوژراون یانیش پاشەكشەیان كردووە".
(سەید هەژار) گوتیشی: "چەكدارانی داعش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشی سەر هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد، بەڵام پێشمەرگە هەوڵەكانیان پووچەڵ كردنەوە و ئەوەی تەنیا خۆم بینیم زیاتر لە 10 تەرمی تیرۆریستانی داعش لە بەردەستی ئێمەیە و بەگرتنەوەی گوندە كوردستانییەكانیش، لە سەنتەری ناحیەی بەرتلە و شاری مووسڵ نزیك بووینەتەوە".
قائید میرۆ




