کەرخی ئاڵتی: بارزانی هەناسەیەکی باوکانەی بە پێکهاتە جیاوازەکان داوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حزبێکی تورکمانی لە کوردستان ئاماژە بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەکات لە پارێزگاری لە پێکهاتە جیاوازەکان و دەڵێت بارزانی گەرەنتی پارێزگاری پێکهاتەکانی کوردستانە.
کەرخی ئاڵتی برماغ سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند: "بارزانی بووەتە خاوەنی نەفەسی باوکانە بۆ پێکهاتە جیاوازەکان، تەنیا وەک سەرۆکی نەتەوەیەک کار ناکات، خەمی هەموو نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان دەخوات."
دەیشڵێت: "بارزانی خەمخۆری تورکمان و نەتەوە جیاوازەکانی تریشە؛ بۆیە پەیامەکەی ئەمڕۆی بارزانی زۆر گرنگ و پیرۆز بوو؛ خەڵکی دەشتی نەینەوا زۆر نەهامەتییان بینیوە، بۆیە گرنگە پەیامەکەی بارزانی بە هەند وەربگرن و، پارێزگاری لە خۆیشیان بکەن؛ هێزی پێشمەرگە پاڵپشتێکی بەهێزە تا ئیتر کەس نەتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر لایەنێکی دیکە یان ببێتە شەری نێوان هۆز و تیرەکان؛ ئەو گەرەنتیە. گرنگە پێکەوە ژیان دروست بکرێتەوە و نەگەڕێتەوە دۆخی پێش هاتنی داعشیش".
دەیشڵێت: "دەبێت بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانەوە پشتیوانی لە هەوڵەکانی بارزانی بکەن و جەختمان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە دەبێت پێکهاتە جیاوازەکان بخرێنە ناو هێزی پێشمەرگەشەوە سەرۆک بارزانیش لاری نەبوو زۆری پێ خۆش بوو بۆیە ئێستا دوای رەزامەند بوونی بەڕێزیان گەنجانی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان لە ریزەکانی پێشمەرگە بەرگری لە کوردستان دەکەن، ئەمرۆ لە بەیاننامەکەی بارزانی دەلێت: "پێشمەرگە پارێزەری هەموو کوردستانە ناڵێت پارێزەری بەس کوردە" واتە بارزانی پێشمەرگەی خستە ئەولەویەتی پارێزگاری لە سەرجەم پێکهاتەکان و داواش لە بارزانی دەکەین رێژەی پێکهاتەکانی لە ناو پێشمەرگە فراوان بکات".
کارزان سەباح هەورامی




