ئەنگێلا مێركل: پێویستە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئێزدییەکان دابین بکرێ

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئەڵمانیا (ئەنگێلا مێرکڵ) ڕایگەیاند، بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئێزدییەکان لە عێراق، بەگوێرەی ئەو پلانانەی بۆ پاش ڕزگاکردنەوەی مووسڵ هەن، دەبێ بخرێتە بەر باسەوە، تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکا، (مێرکڵ) لە میانەی کۆنفرانسێکی باڵی گەنجانی پارتی کۆنەپارێزی وڵاتەکەیدا، دوێنێ شەممە ڕایگەیاندووە "ڕاستگۆیانە پێتان دەڵێم، بەرنامەکان هێشتا تەواو نەبوون، بەڵام لە ئەجێندادان".
لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی 6ـدا ڕایانگەیاند، داعش جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان لە سووریا و عێراق ئەنجام داوە بە مەبەستی لەناوبردنی ئەو کۆمەڵە ئایینیە 400 هەزار کەسییە، بە ڕێگای کوشتن، بە کۆیەلەکردنی سێکسی و تاوانەکانی تر.
(مێركڵ) ڕایگەیاند، گرینگە بیر لەوە بکرێتەوە کە ئێزدییەکان چۆن لە ماڵەکانی خۆیان دەرکران لەلایەن داعشەوە، ئاوهایش ناوچەیەکی پارێزراویان بۆ دابین بکرێ، تا پاش شکستپێدانی داعش بگەڕێنەوە بۆی.
گوتیشی گرینگ بوو لەسەر ئەم بابەتە قسە لەگەڵ ئێزدییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەش بکرێت.
ڕێبەرانی ئێزدییەکان داوایان کردووە کە ناوچەیەکی کە خۆیان بەڕێوەی بەرن، لەلایەن هێزی نێونەتەوەییەوە بپارێزرێت و داوایش دەکەن ئەو ناوچەیە سەر بە هەرێمی کوردستان بێت.




