"تا كۆتایی ساڵ، جووتیارانی كەركووك تەواوی پارەکەیان وەردەگرن"

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای كەركووك دەڵێ، نیوەی پارەی جووتیارانی كەركووك گەییشتووەتە دەستیان و، بەردەوامن لە دابەشكردنی بەسەر جووتیاراندا، لەبارەی نیوەكەی دیكەیشەوە گۆتی، بەغدا بەڵێنی پێ داون پارەی جووتیارانی كەركووك تا كۆتایی ساڵ هەمووی خەرج بكرێت و نووسراویش هاتووە.
(مەهدی موبارەك)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە بەغداوە 61 ملیار دینار پارەی كڕینی گەنمی جووتیارانی پارێزگای كەركووك خەرج كراوە و گەییشتووەتە كەركووك، پارەكەیش هیی ساڵەكانی 2014 و 2015ـیە، هێشتا 60 ملیار دیناری دیكە ماوە، واتە نیوەی پارەكە خەرج كراوە و نیوەی دیكەیش لای حكوومەتی فیدڕاڵ ماوە، بەردەوامین لەسەر دابەشكردنی پارەی جووتیاران، لە ئێستادا لە سەرەتای وەرزی چاندنین لەبەر ئەوەیش كارێكی باشە بۆ ئەوەی جووتیاران هان بدرێن تا بەرهەمی خۆیان بچێنن".
(موبارەك) دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق بەڵێنی ئەوەی پێ داوین تا كۆتایی ئەمساڵ نیوەی پارەی جووتیاران كە ماوە خەرج بكرێت و نووسراویش گەییشتووە بە ئێمە بۆ خەرجكردنی، ئێمەیش پێشبینیی ئەوە دەكەین ئەو پارەیە خەرج بكرێت بۆ جوویتاران تا بتوانن بەردەوام بن لەسەر بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ لە سنووری پارێزگای كەركووك".
قائید میرۆ




