"بەبێ پارتی پەرلەمان كۆ نابێتەوە"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەوانەی باس لە كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن بەبێ پارتی، دیارە دەیانەوێ شكستی دیكە بۆ خۆیان تۆمار بكەن و، كۆبوونەوەی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك بەو شێوەیە ناکرێ.
ڤەمان فەیسەڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی كوردستانە و هەر كۆبوونەوەیەكی وەها بكرێت هیچ شەرعیەتێكی نابێت؛ ئەو كەس و لایەنانەی بەبێ ڕێكەوتن باس لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، تەنیا وەك فشارێك و خۆ دەرخستنە لەلای جەماوەر، هەندێك لایەن باش دەزانن كۆبوونەوەی پەرلەمان بەوشێوەیە ناكرێت، بەڵام دەیانەوێ وەها پیشانی جەماوەری خۆیان بدەن هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆ ببێتەوە."
ڤەمان گوتیشی: "هەموو جارێك هەوڵی هەندێ لایەن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بە شێوەیەكی سلبی لە سەریان شكاوەتەوە و، شكستیان هێناوە؛ بەهیچ شێوەیەك بەبێ پارتی ئەو لایەنانە ناتوانن ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران كۆ بكەنەوە؛ جا با خۆیان تاقی بكەنەوە بزانە چۆن دیسان شكست دەخۆن؛ پشتڕاستم لەوەی نەك لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمان لەنێو پەرلەمانیش ئەوان ناتوانن كۆ ببنەوە و ژمارەی یاسایی تەواو بكەن."
قائید میرۆ




