"پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی دەبێ لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا"
__2016_10_15_h18m33s17__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت لە ئازادکردنەوەی مووسڵدا و بڕیاریشە پارێزگاری لەو ناوچانە بکات وا لەوێ جێگیر کراون.
هەڵگورد حیکمەت بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیر و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگ و کارای دەبێت لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ چونکە شوێنی جوگرافی پێشمەرگە وایە کە بەشێکی زۆری مووسڵی دەورە داوە و لە هەندێک شوێن نێوانی پێشمەرگە و داعش چەند کیلۆمەترێکە لە کاتێکدا چوونەپێشەوە پێشمەرگە لە ماوەی ڕابردوو کارئاسانی و ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی کە ئێستا هێزە جیاوازەکان خێرا پێشڕەوی بۆ مووسڵ بکات."
دەیشڵێ: "پێشمەرگە لە سنووری خۆی دەمێنێتەوە و بەرگری لەو شوێنانە دەکات ئازادی کردوون بەڵام ئەوەش گرنگە کە پێشمەرگە بە قۆڵی بەرگری و هێرشکردنەوە ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە پرۆسەکە و بەردەوامیش هاوپەیمانان هاوکاری دەکەن
".
د. ئاراس حەسۆ میرخان، فەرماندەی پێشمەرگە لە محیوەری مەخموور و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: "ئاگادارین داعش بەشێک لە هێزەکەی کشاندووەتەوە و هێڵێکی بەرگریاین لە دەوروبەری مووسڵ دروست کردووە." ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هێڵی دووەمی بەرگریکردنی داعش، لە ناو سەنتەری شاری مووسڵە. دەشڵێت: "ئەم هەوڵەی داعش، لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵە."
ئەوەشی نەشاردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لە چەند قۆڵێکەوە هێرش دەکەنە سەر مووسڵ و بە چەند قۆناغێک هەوڵی ئازادکردنەوەی شارەکە دەدەن.
لیوا هەڵۆ جەنات، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک/پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە قۆڵی کەرکووکەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەوقی حەویجەیان داوە و داعش توانای ڕاکردنیشی نەماوە، بۆیە پێشڕەوی هێزی پێشمەرگە لە ماوەی ڕابردوو بۆ شاری مووسڵ دەرخەری ئەو ڕاستیەیەکە پێشمەرگە توانایەکی باشی هەیە بۆ کۆنتررۆڵکردنەوەی ئەو شوێنانە کە مەبەستیەی زۆر گرنگە پێشمەرگە ببێتە زامنی پاراستنی ئەو ناوچانە، گوتی: "ئەگەر سەیری بکەین لە ماوەی ڕابردوو سەرجەم ئەو هێرشانەی داعش تێکشکێنراون کە ویستویەتی هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە بۆیە سەنگەری پێشمەرگە ڕووبەڕوو بۆ شاری مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکان بەهێزکراوون و بە بەهێزی دەمێننەوە بۆ ئێستا و داهاتووی مووسڵیش پێشمەرگە دەبێت ببێتە گەرەنتی بەهێز لە ناوچەکە".
هەرلەم بارەوە، حەمید ئەفەندی، بەرپرسی میحوەری باشیکی هێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەری فەرمی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە لە سەرجەم بەرەکانی جەنگدا کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەکەن".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە: "پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەبێت، ھەر کاتێک فەرمانمان پێ بکرێت، دەست بە جووڵە دەکەین".
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایشیوبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت لە پرۆسەکەدا بە جۆرێک لە حاڵەتی بەرگری و هێرش لە ئامادەباشیدایە."
گوتیشی: "بەبێ ڕێککەوتن و واژۆی پێشمەرگە هیچ هێزێکی عێراق بۆی نییە جووڵە بکاتە ناو مووسڵ، چونکە بەشێکی زۆری هێرشەکان بۆ شاری مووسڵ لە ڕێگای هەرێمی کوردستان و سنووری کوردستانەوە دەبێت".
گوتیشی: "بەم نزیکانە مووسڵ ئازاد دەکرێتەوە، لەم حەفتەیە دەبێت سوپای عێراق بچێتە شوێنە دیاریکراوەکان، بڕیارە لەم حەفتەیەدا ئەمە بکرێت، حەفتەی دابێ ئەگەر هات و ئەم قۆناغە سەری گرت، هێزەکان دەچنە ناو قۆناغی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ".
شاخەوان عەبدوڵا، ئەوەشی خستە ڕوو: "داعش ئەو هێزەی نییە ڕووبەڕووی سوپای عێراق ببێتەوە وەک ژمارە، تەنیا تەکنیکی نوێی هەیە وەک بۆمبڕیژکردنی باڵەخانەکان کە ئەوە وا دەکات شەڕەکە قورس بێت."
کارزان سەباح هەورامی




