کەرکووکى: به عهبادیم گوت، میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك هێز و پلانی خۆی هەیە، پێویستمان بە حهشد و سوپای عێراق نییە

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسى میحوەرى رۆژئاواى کەرکووک - دوبز (د.کەمال کەرکووکى) دهڵێت، به (حەیدەر عهبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراقی ڕاگهیاندووه، بۆ میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك هێزی خۆیان هەیە، پلانی خۆیان هەیە و بە هیچ شێوەیەك نییە پێویستیان بە هێزی حهشد و سوپای عێراق.
پێشنیوەڕۆی ئهمڕۆ ههینی 14/10/2016، (حەیدەر عهبادی) سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێکی بەرز گەیشتنە سنووری پارێزگای کەرکووك؛ لەوێوە بە یاوەریی (دکتۆر نهجمهدین کەریم) پارێزگاری کەرکووك گەیشتنە مەکتەب خالد لە سنووری میحوەری چوار، لە لایەن بەرپرسانی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك و میحوەری (4) ی باشووری کەرکووك و ژمارەیەك لە ئامر لیوا و فەرماندە و پلەدار و هێزی پێشمەرگە بەگەرمی پێشوازی کران.
بەرپرسى میحوەرى رۆژئاواى کەرکووک و دوبز (کەمال کەرکووکى) بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتی دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''باسی داگیرکردنی مووسڵ و قەزای حهویجە و ناحیە و گوندەکانی دهوروبهری حهویجەمان کرد، گوتمان کاتێك داعش قەزای حەویجەی داگیر کرد و بەرەو کەرکووك هات، سوپا و پۆلیس و سەحوەی عێراق پێشیان چۆڵ کرد و هەڵاتن و كۆی مومتهلەکاتیان بەجێ هێشت، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێزدار سەرۆك (مهسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی ڕێزدار کاك (کۆسرەت ڕەسوول)، پێشمەرگە کەوتنە کار و توانییان لە قۆناغی یەکەمدا داعش ڕابگرن و پاشان بە پلانی دروست، هەڵیان بکەنن و ڕاویان بنێن. دواتر پانتاییەکی زۆر لە خاکی داگیرکراویان لێ ڕزگار بکرێت. پێشمهرگه ئوستوورەی داعشی تێك شكاند و، ئێستایش ئامادەیی تەواومان هەیە و باوەڕیشمان بە خۆمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان هەیە کە هیچ هێزێکی داگیرکەر لەناو خاکی کوردستان ناهێڵین.''
(کەمال کەرکووکى) گوتیشى: ''ئەوەشمان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق (حەیدەر عهبادی) ڕاگەیاند، لە 30/9/2016 تەنها بیستودوو کیلۆمهتر مابوو تاکو بگەینە حهویجە، بەداخەوە (4) چوار جار فڕۆکەی بەغدا هاتە سەرمان و (3) سێ جار هێزەکانمانیان بۆمباران کرد. بەڕێزیان گوتی، ئەوە هەڵە بووە و قەت نابێت دووباره بێتهوه و پێشمەرگەش لە لای ئێمە خۆشهویست زۆریش گرینگن.''
(کەرکووکی) ههروهها گوتی: "له درێژهى وتهكهمان بۆ سهرۆكوهزیرانى عێراق گوتمان، ئەم هێزە سەربەرزەی کوردستان هێزی پێشمەرگە، لەگەڵ کەمیی ئیمکانیاتی لە چەك و عیتاد و بێمووچەیی و بێبودجەیی، کە بەداخەوە ئەم کێشەیەی بۆ دروست کرا، گشت دانیشتوانی کەرکووک بە گشت پێکهاتەکانی بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین و زمان هەموویانی بە یەکسانی پاراستووە. ئێستایش کەرکووك و دانیشتوانەکەی و سەروەت و سامانەکەی لە نەوت و گاز و ئاو و شوێنە گرینگەکان بەوپەڕی ئامانەتەوە پاراستووە و، دەیپارێزێت.''
(كهركووكی) ههروهها دهڵێ، ''لهو سهردانهدا، جێگری میحوەری 4 لیوا (هیواڕەش)، دۆخی سەربازیی هەردوو میحوەری بۆ شاندی میوان باس کرد و دواتریش (حەیدەر عبادی) سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتەیەکی پێشکەش کرد و جهختی کردەوە کە، حهویجە بەم نزیکانە ڕزگار دەکرێت و ئاماژهیشی دا، کە لەم سنوورەوە نزیکە، منیش بۆم ڕوون کردەوە هەر هێزێك لە پێش خۆی بجووڵێتهوه دروستە، نەك بە تێکەڵی. پێم ڕاگەیاند، ئهوهی پێوهندی به میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووكهوه ههبێ، ئهوا هێزی خۆمان هەیە، پلانی خۆمان هەیە و، بە هیچ شێوەیەك پێویستمان بە هێزی حهشد و سوپای عێراق نییە.''




