٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، كه‌ حکوومەتی هەرێم ئەو تۆمەت و رەخنە و گلەییانه‌ی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جیددی وەردەگرێت و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویستیشی کردووە لەم بارەوە.

رۆژی 10/10/2016 ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راپۆرتێکی سەبارەت بە شەڕی داعش بلاوکردەوە و تێیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ لایەنە کوردەکان کە بە ئەنقەست ماڵی عەرەبەکانی نیشتەجێی ناوچەی زوممار خاپوور و وێران دەکەن و هەوڵی دەرکردنیان دەدەن بە زۆرەملێ بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیان.

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، كه‌ حکوومەتی هەرێم ئەو تۆمەت و رەخنە و گلەییانه‌ی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جیددی وەردەگرێت و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست کردووە لەم بارەوە، بۆیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێبینییەکانی راپۆرتی ئاژانسی ناوبراو وەردەگرێت و کاری لەسەر دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەند روونکردنەوەیەک سەبارەت بە راپۆرتەکە بەتایبەتی تێکدانی ماڵ و حاڵی خەڵک لە ناوچەی زوممار دەخاتە روو بەتایبەت لە دوای پێکهێنانی لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستییەکان و سەردانی مەیدانی بۆ ئەم ناوچەیە کە لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (30) ی لە 4/4/2016، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بابەتی تێکدان و خاپوور کردنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی سڤیل لەم ناوچەیە و چەند ناوچەیەکی تازە ئازاد کراو بکەن، ئەم لیژنەیەش بە سەرۆکایەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی و نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ  و  وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە کردووە کەپێشتر هەردوو رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان پێکردبوو.


زێباری هه‌روه‌ها گوتی: دوای دەستبەکاربوونی لیژنەی ناوبراو لە نزیکەوە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومی و ئەمنی و سەربازی و کەسایەتی ناودار و سەرۆک هۆز و خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدا و چەند بابەتێکی گرنگ باس کران وەکوخاپوور کردن و هاتوچۆی هاووڵاتیان و گواستنەوەی بە زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئەوەی واقعی راستەقینەی ناوچەکە بخەینە روو بۆ رای گشتی، کارەکانی ئەم لیژنەیەش تایبەت نەبوون تەنیا بە ناوچەی زوممار بەڵکو بۆ گشت ناوچە تازە ئازادکراوەکان بوون وەک کەرکووک، مەخموور و دیاله‌.

 

سەبارەت بەو ئیدیعایانەی کە لە راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە کە گوایە کورد ماڵوحاڵی عەرەبان لە ناوچەی زوممار دەرووخێنن، زێباری گوتی: ئێمە وەک لیژنەی باڵای دۆزینەوەی راستییەکان گەیشتینە چەند دەرەنجامێک لەوانە: خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو، یەکەم قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی دووەم بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، قۆناغی سێیەمیش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، بەشێکی زۆری خانووەکان لە ئەنجامی بۆمبڕێژکردنیان لەلایەن داعشەوە رووخێنراون، هەر لەم بارەوە زیاتر لە 173 تۆن تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو لە ناوچەی زوممار لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمەوە هەڵگیراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆریشیان بە هێزی پێشمەرگەوە تەقیونەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە (23) پێشمەرگە بوونەتە قوربانی، هەروەها بەشێکی خانووەکانیش لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومانی هێزەکانی رووخێنراون، چونکە داعش وەک مۆڵگەیەک بەکاری هێناون و لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی لەو خانووانەدا کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە خانوو بەشێوەیەکی نایاسایی و زێدەڕۆیی ئاوەدانکرابوون لەلایەن شارەوانییەوە و دامودەزگا حکوومییەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا تێکدراون.
هەروەها هەندێک لە ناوچەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش و شەڕ و پێکدادانی بەردەوام بێگومان ئەم شەڕە دەبێتە هۆی تێکدان و خاپووربوونی خانووەکان و ئاوارەبوونی خەڵکی ئەم ناوچانەش ئەمەش سروشتی شەڕە لە هەر شوێنێک بێت، لەلایەکی دیکەوە نزیکەی (330) خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حزبی و پۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێکدراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە.
زێباری ئاماژەیشی دا به‌وه‌ی کە رەنگە هەندێک خانوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە رووخێنرابێت، ئەمەش زیاتر وەک تۆڵەسەندنەوە و حاڵەتی تاکەکەسی بووە نەک بەشێوەی بەرنامە بۆداڕێژراو بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی رێگری لەم جۆرە رەفتارانە کردووە و گوتی: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 17/3/2016 رێنمایی ژمارە (3)ی دەرکردووە سەبارەت بە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل کە بە هیچ شێوەیەک رێگا نادرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان سڤیل، هەروەها رێگری دەکات لە دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک بەبێ بەڵگە و پێویستە دوای دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک لە کاتی یاسایی خۆیدا دۆسییەکانیان یەکلا بکرێتەوە، لە بەشێکی دیکە رێنماییەکاندا هاتووە نابێ بەبێ هۆکاری یاسایی و سەربازی هاووڵاتیان لە شوێنی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر، هەروەها هاووڵاتیان ئازادن لە هاتوچۆ کردنیان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی ئاسایش و سەربازی هەرێم جگە لەو ناوچانە نەبێت کە دەکەونە سەر هێڵی تەماسی سەربازی و هەر کەسێک یان لایەنێک بەپێچەوانەی ئەم رێنماییانە رەفتار بکات لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان ئەوان تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نەبوونی ئازادیی رادەربڕین لەو ناوچانەدا وەک لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە گوتی: لە کاتی سەردانی لیژنەکەمان بۆ ئەم ناوچەیە راستەوخۆ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زیاتر لە (50)  شێخ و سەرۆک هۆز و کەسایەتی عەرەبی ناوداری ناوچەکە ئەنجام دا ئەوانیش بە شێوەیەکی ئازادانە ستایشی رۆڵی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمیان کرد لەم ناوچانە کرد، لە هەمان کاتدا لە هەر شوێنێک کەموکوڕی هەبێت تێبینییەکانی خۆیان بە ئازادانە خستە روو و ئێمەش وەکو لیژنە تێبینییەکانمان قبووڵ کرد، یەکێک لە گلەییە بەرچاوەکانی خەڵکی ناوچەکە ئەوە بوو کە ناتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان، چونکە لە ئەنجامی هێرشی داعش (14600) خانەوادە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێتشووە و روویان کردۆتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام لە دوای ئازادکردنەوەی زوممار زیاتر لە (661) گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و ئەوانی تریش لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە بە هۆی ئەوەی شوێنەکانیان کەوتۆتە سەر هێڵی تەماس و ژمارەیەکی زۆری مین و بۆمبی چێنراو هەیە، هەروەها خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێویستیان نییە، بۆیە لە حاڵی حازردا ناتوانن بگەڕێنەوە، و تەنیا عەرەبەکان نین کە ناتوانن بگەڕێنەوە بەڵکو بەشێکی زۆری خانەوادە کوردەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لە هیچ ئاوارەیەک ناکات کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئەو رێوشوێنانەی ئێستا لەم بوارەدا پیادە دەکرێن تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەم ناوچانەیە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار