٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی پەروەردە: وەزیری پەروەردە ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی مامۆستایان

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد، داواکارییەکەی مامۆستایانی شاری سلێمانییان گەیاندە وەزیری پەروەردە؛ ئەویش پێشوازیی لەو داواکارییەیان کردووه‌ و باسی لەوە کرد ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان.

ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مینا سامی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ(دوێنێ پێنجشه‌ممه‌) وەکو لیژنەکەمان سەردانی وەزیری پەروەردە ھەرێمی کوردستانمان کرد لەبارەی داواکارییەکەی مامۆستایان بە تایبەت مووچە و ھاتوچۆی مامۆستایانی دەرەوی شار و کێشەکانی دیکە؛ بۆیە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر ئەو داواکاریانە کرایەوە و وەزیری پەروەردە پێشوازیی لەو داواکاریانە کرد؛ تەئکیدیشی کردەوە ھەوڵی جیددی دەدات بۆ ئەوەی حکوومەت بە شێوەیەکی گشتی ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن بە تایبەت مووچە."

(مینا سامی) گوتیشی، پێشتریش وەزیری پەروەردە ھەوڵی داوە و ئەمڕۆیش زۆر پێی خۆش بوو ئەو سەردانە کراوە و، داوای کرد سەردانی زیاتر ھەبێت بۆ ئەوەی ئاگای لە دۆخی مامۆستایان بێت؛ پێشتریش زۆر جار سەردانی سلێمانیی کردووە و ئاگاداری کێشەکان بووە، بەڵام ئەمە بۆ ھەماھەنگی زۆر باشە.

ڕوونیشی کردەوە، ھەوڵ دەدرێت ئەگەر ھەموو پاشەکەوتی مووچەی مامۆستایان نەمێنێتیش، بەڵام بەشێکی لێ کەم بکرێتەوە و چاوپێداخشانەوەی پێدا بکرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باس لەوە کرا لەو بودجەی بۆ پارێزگا دابین دەکرێت، بتواندرێت بەشێکی دابنرێت بۆ ھاتوچۆی مامۆستایان.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار