٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم، وەڵامی راپۆرتی رۆیتەرز دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز دەداتەوە سەبارەت بە فراوانکردنی سنووری کوردستان لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە و بە چەند خاڵێک تەواوی راستییەکان وەک خۆی رادەگەیەنێ.

 

ڕۆژی ١٠/١٠/٢٠١٦ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە شەڕی داعش بڵاو کردەوە و تێیدا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ لایەنە کوردەکان کە بە ئەنقەست ماڵی عەرەبەکانی نیشتەجێی ناوچەی زومار خاپوور و وێران دەکەن و هەوڵی دەرکردنیان دەدەن بە زۆرەملێ بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیان.

 

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند کەوا حکوومەتی هەرێم ئەو تۆمەت و ڕەخنە و گلەییانەی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە جددی وەردەگرێت و گوتیشی:  "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پێویست لەو بارەوە؛ بۆیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێبینییەکانی ڕاپۆرتی ئاژانسی ناوبراو وەردەگرێت و کاری لەسەر دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی تێکدانی ماڵ و حاڵی خەڵک لە ناوچەی زومار دەخاتە ڕوو؛ بە تایبەت لە دوای پێکهێنانی لیژنەی باڵای دۆزینەوەی ڕاستییەکان و سەردانی مەیدانی بۆ ئەم ناوچەیە، کە لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٠)ـی لە ٤/٤/٢٠١٦، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بابەتی تێکدان و خاپوورکردنی ماڵوحاڵی هاووڵاتیانی سڤیل لەم ناوچەیە و چەند ناوچەیەکی تازەئازادکراو بکەن؛ لیژنەکەش بە سەرۆکایەتیی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی و نوێنەرانی سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ  و  وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش دەستیان کردووە بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، کە پێشتر هەردوو ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان پێکردبوو.

 

زێباری زیاتر وتی: دوای دەستبەکاربوونی لیژنەی ناوبراو لە نزیکەوە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکوومی و ئەمنی و سەربازی و کەسایەتیی ناودار و سەرۆکهۆز و خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دا و چەند بابەتێکی گرنگ باس کران وەکو خاپوورکردن و هاتوچۆی هاووڵاتیان و گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ئەوەی واقعی ڕاستەقینەی ناوچەکە بخەینە ڕوو بۆ ڕای گشتی. کارەکانی ئەم لیژنەیەش تایبەت نەبوون تەنیا بە ناوچەی زومار بەڵکو بۆ گشت ناوچە تازە ئازادکراوەکان بوون وەک کەرکووک، مەخمور و دیالا.

 

سەبارەت بەو ئیدیعایانەی کە لە ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هاتووە کە گوایە کورد ماڵ و حاڵی عەرەبەکان لە ناوچەی زومار دەرووخێنن، زێباری وتی: ئێمەوە وەک لیژنەی باڵای دۆزینەوەی ڕاستییەکان، گەیشتینە چەند دەرەنجامێک؛ لەوانە: خاپوورکردنی خانووەکان لە زومار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو، یەکەم قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زومار لەلایەن داعش، قۆناغی دووەم بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، قۆناغی سێیەمیش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زومار لەلایەن پێشمەرگەوە، بەشێکی زۆری خانووەکان لە ئەنجامی بۆمبڕێژکردنیان لەلایەن داعشەوە ڕووخێنراون؛ هەر لەم بارەوە زیاتر لە ١٧٣ تۆن تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو لە ناوچەی زومار  لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمەوە هەڵگیراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆریشیان بە هێزی پێشمەرگەدا تەقیونەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٣ پێشمەرگە بوونەتە قوربانی. هەروەها بەشێکی خانووەکانیش لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومانی هێزەکانی ڕووخێنراون، چونکە داعش وەک مۆڵگەیەک بەکاری هێناون و لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی لەو خانووانەدا کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە خانوو بە شێوەیەکی نایاسایی و زێدەڕۆیی ئاوەدانکرابوون لەلایەن شارەوانییەوە و دامودەزگا حکوومییەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا تێکدراون.

 

هەروەها هەندێک لە ناوچەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش و شەڕ و پێکدادانی بەردەوام بێگومان ئەم شەڕە دەبێتە هۆی تێکدان و خاپووربوونی خانووەکان و ئاوارەبوونی خەڵکی ئەم ناوچانەش ئەمەش سروشتی شەڕە لە هەر شوێنێک بێت،لەلایەکی دیکەوە نزیکەی ٣٣٠ خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادیرانی حزبی و پۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێک دراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە."

 

زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە هەندێک خانوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە ڕووخێنرابێت ئەمەش زیاتر وەک تۆڵەسەندنەوە و حاڵەتی تاکەکەسی بووە نەک بە شێوەی بەرنامەدار بووبێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی ڕێگرییان لەم جۆرە ڕەفتارانە کردووە؛ دەیشڵێت: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٧/٣/٢٠١٦ـدا ڕێنمایی ژمارە (٣)ی دەرکردووە سەبارەت بە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر ماڵ و مڵکی هاووڵاتیانی سڤیل؛ هەروەها ڕێگری دەکات لە دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک بەبێ بەڵگە و پێویستە دوای دەستگیرکردنی هەر هاووڵاتییەک لە کاتی یاسایی خۆیدا دۆسییەکانیان یەکلا بکرێتەوە، لە بەشێکی دیکە ڕێنماییەکاندا هاتووە نابێ بەبێ هۆکاری یاسایی و سەربازی هاووڵاتیان لە شوێنی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر. هەروەها هاووڵاتیان ئازادن لە هاتوچۆکردن لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی ئاسایش و سەربازیی هەرێم جگە لەو ناوچانە نەبێت کە دەکەونە سەر هێڵی تەماسی سەربازی و هەر کەسێک یان لایەنێک بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە ڕەفتار بکات لە ناوچە تازە ئازادکراوەکان ئەوان تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت".

 

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین لەو ناوچانەدا وەک لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا هاتووە گوتی: لە کاتی سەردانی لیژنەکەمان بۆ ئەم ناوچەیە ڕاستەوخۆ چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زیاتر لە پەنجا شێخ و سەرۆکهۆز و کەسایەتیی عەرەبی ناوداری ناوچەکە ئەنجام دا، ئەوانیش بە شێوەیەکی ئازادانە ستایشی ڕۆڵی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمیان کرد لەم ناوچانە."

 

 هەڵبەت لە هەر شوێنێکدا کەموکووڕییەکیش هەبووێت تێبینییەکانی خۆیانیان ئازادانە خستووەتە ڕوو؛ ئێمەش وەکو لیژنە تێبینییەکانمان قبووڵ کرد، یەکێک لە گلەییە بەرچاوەکانی خەڵکی ناوچەکە ئەوە بوو کە ناتوانن ئازادانە هاتوچۆ بکەن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان، چونکە لە ئەنجامی هێرشی داعش (١٤٦٠٠) خانەوادە ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێتشووە و ڕوویان کردووەتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام لە دوای ئازادکردنەوەی زومار زیاتر لە (٦٦١)یان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و، ئەوانی تریان هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە، ئاخر شوێنیان کەوتووەتە سەر هێڵی تەماس و، مین و بۆمبی چێنراوی زۆری لێیە. هەروەها خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی و پێویستیان نییە، بۆیە جارێ ناتوانن بگەڕێنەوە، و تەنیا عەرەبەکان نین کە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری خانەوادە کوردەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە هیچ ئاوارەیەک ناکات کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئەو ڕێوشوێنانەی ئێستا لەم بوارەدا پیادە دەکرێن تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەم ناوچانەیە.

 

لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤەوە، بە تایبەتی لە کاتی جەنگ بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادات بە تێکدانی خانووی هاووڵاتیان و ڕێگا گرتن لە ئازادی هاتووچۆیان و ڕێگا نەدان بە گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام لە کاتی شەڕدا پێویستە هەندێک ڕێنمایی و ڕێوشوێنی بگیریتە بەر بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و ڕێگا نەدان بە داعش بۆ بەکارهێنانی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە لە شەڕەکاندا."

 

هەواڵی پەیوەندیدار