دانای شەهید جەزا: ٣ ملیار لە هاووڵاتیان وەرگیراوە، نە نەوت دیارە و نە پارەیش

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، ئەو بڕەپارەیەی لە پارێزگای سلێمانی بە ناوی دابەشكردنی نەوتەوە لە هاووڵاتیان وەرگیراوە، دیار نییە و نەوتەكەیش دابەش نەكراوە.
(دانای شەهید جەزا)، دەربارەی ئەو بڕەپارەیەی بە ناوی دابەشكردنی نەوتەوە لە هاووڵاتیانی سلێمانی وەرگیراوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەیش ئەو بابەتەمان لاگرنگە و زۆریش قسەمان دەربارەی كردووە، كە پسوولەی ژمارە ( ٢٤ و٢٥ )ـە، دیارە لە هەر پارێزگایەك بە شێوەیەكی جیاواز نەوت دابەش دەكرێت و هەر پارێزگایەك میكانیزمی خۆی هەیە، لە پارێزگای سلێمانییش ئەو پسوولەلانەی كە دەدرێت بە هاووڵاتیان لەلایەن خاوەن بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە، هەر پسوولەیەك لەم پسوولانە لەجیاتی بەرمیلێك نەوت بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی فرۆشراوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا نەوت بە پسوولەی (٢٤) دابەش كراوە، وەلێ پسوولەكەی تر كە (٢٥)ـە، فرۆشراوە و پارەكەی نازانین لە كوێوە و نەوتەكەیش نەدراوە بە هاووڵاتیان، كە بڕی پارەكەیش بە نزیكەی (٣ملیار دۆلار) دەخەمڵێندرێت نەك (ملیارێك) كە باسی لێوە دەكرێ".
ئهو ئەندامهی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان گوتیشی: "زۆر جار پرسیارمان لە ئەندامانی لایەنەكانی تر كردووە و ویستوومانە بەدواداچوونی بۆ بكەین، داوایشمان كردووە ئەو پارەیە ئێستا لە كوێیە و چارەنووسی ئەم پسوولانە چی لێهاتووە، بەڵام ئەو وەڵامەی كە دەستمان كەوتووە تا ئێستا ئەو پسوولانە بەرانبەر ئەو نەوتە دانراوە كە حكوومەتی هەرێم دەیدات بە پارێزگاكان، نەوتیان پێ دابەش نەكراوە، ئێمە داوامان كردبوو ئەو نەوتەی دێت بۆ ئەم كارتی ( ٢٥ )ـە قەرەبووی هاووڵاتیان بكرێتەوە، بەڵام ئامادە نین و وەڵامی كۆتاییان نەداوەتەوە، بۆیە ئێمەیش دەڵێین كوا پارەكە، تا ئێستا نازانین ئەم حەقەی هاووڵاتیان لە كوێیە و چی بەسەر هاتووە".
فایزە كۆیی




