٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەودەت نەجاڕ: پەرلەمانێك كێشە و گرفت دروست بكات، هەر نەبێت باشترە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمان لە رابردوودا نەیتوانی بە شێوەیەكی بێلایەنانە پەرلەمان بەڕێوە ببات تا پەرلەمانی بە ئەمڕۆ گەیاند، بۆیە پەرلەمانێك كە ئەوەندە كێشە و گرفت دروست بكات، هەر نەبێت باشترە، نەك وڵات بەرەو ئاقارێكی نادیار ببات.

(جەودەت نەجاڕ)، ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەرلەمانی كوردستان لە سەرەتای دەستنیشانكردنی ئەندامەكانیدا، هەموو كەسێك دڵی بەوە خۆش بوو دەبێتە پەرلەمانێكی كارا و تەنیا خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بەداخەوە بە تێپەڕبوونی كات دەركەوت كە ئەو پەرلەمانە بۆ مەرامی سیاسی بەكار دەهێنرێت، بۆ ماوەیەك كارەكان بە تەوافوق رۆییشتن، بەڵام پاش ئەو ماوەیە بەدیاردەكەوت كە هەندێك لایەن بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان رەوشی پەرلەمان و هەرێمی كوردستانیان بەرەو ئاقارێكی نادیار برد، چونكە دەبووایە هەموو بابەتەكان بە سازان چارە كرابانایە، هەروەها دەبووایە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەویش بە تەوافوق چارە كرابایە، نەك ئەوان خۆیان بسەپێنن".

(نەجاڕ) گوتیشی: "ئەگەر پەرلەمان لەسەر ئەو كارەی خۆی بەردەوام بووایە، وڵاتی بەرەو كۆمەڵێك كێشە و گرفت دەبرد، كە كاریان دەكرد هەرێمی كوردستان وەك عێراق لێ بكەن و ئەو پێشكەوتنانەی بەدی هاتوون لەناویان ببەن، چونكە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتیانە لەگەڵ سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان نەدەگونجا، بۆیە دەستیان بۆ كۆمەڵێك كێشە و گرفت برد، بۆیەیش ئەو جۆرە كارانەیان كرد لە پەرلەمان تا ڕێگر بن لە ئەوەی كە سەرۆكی هەرێم وڵات زیاتر بەرەو پێشەوە ببات و كێشەی كورد بە هەموو جیهان بگەیێنێت، هەروەها ئەوان نایانەوێت هیچ شتێك لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) لەم وڵاتە دروست ببێت و بێتە پێشەوە، بۆیە بە ڕای من پەرلەمانێك كە ئەوەندە كێشە و گرفت دروست بكات، هەر نەبێت باشترە، نەك وڵات بەرەو ئاقارێكی نادیار ببات، بۆیە من بە باشی دەزانم ئەگەر ئەمڕۆ ئەو پەرلەمانە كارا بكرێتەوە، دەستەی سەرۆكایەتی بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی خزمەتی وڵات بكات، نەك دژایەتیی وڵات بكات، چونكە سەرۆكی پەرلەمان لە رابردوودا نەیتوانی بەشێوەیەكی بێلایانە پەرلەمان بەڕێوە ببات تا پەرلەمانی بە ئەمڕۆ گەیاند، بۆیە  باشترە ئەوان بەخۆیاندا بچنەوە و دەستەیەكی نوێ بۆ پەرلەمان دابنرێت تا پەرلەمان ببێتە جێگەی متمانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار