٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەورامی: هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی)، لە دیداریدا لەگەڵ كۆنسووڵی چین، ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ و، ئەو هێزانەیش كە لەو ئۆپەڕاسیۆنەدا بەشدار دەبن، دەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بن.

ئەمڕۆ لە پیرمام، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، پێشوازی لە (تان بانگلین)ـی كۆنسووڵی چین و (چیا ڤانگنینگ)ـی یاریدەدەری كۆنسووڵ و (ژوو ژووهان)ـی بەرپرسی بەشی سیاسی كۆنسووڵی ناوبراو لە هەولێر كرد.

(هەورامی) لە سەرەتای دانیشتنەكەیاندا تیشكی خستە سەر دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و، دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستانی لەو بارەیەوە بۆ كۆنسووڵ شی كردەوە، هەروەها باسی سەردانەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ بەغدا كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارێكی ئاساییدان و دەبێت پێش هەر بەرژەوەندییەك مەسەلەی مووسڵ لە بەرچاو بگیرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (هەورامی) سوپاسی وڵاتی چینی كرد بۆ هاوكارییەكان كە پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ ئاوارەكان و ئەو لێقەوماوانەی دەستی داعش.

(هێمن هەورامی) هەروەها ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ و ئەو هێزانەیش كە بەشدار دەبن لەو ئۆپەڕاسیۆنەدا، دەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بن.

(تان بانگلین) لەلای خۆیەوە زۆر سوباسی (هێمن هەورامی) بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و، ئەوەشی ڕاگەیاند كە وڵاتی چین بەردەوام دەبێت لەو جۆرە هاوكاریانەی كە لە ڕابردوودا گەیاندوویەتییە هەرێمی كوردستان و، لە ڕێگای مەكتەبی پەیوەندییەكانەوە سوپاسی گەلی كورد و پێشمەرگەی كوردستانیان كرد بۆ خۆڕاگرییان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لە بەردەم تیرۆریستانی داعش. هەروەها هیوای بەردەوامیی دانیشتنەكان و پتەوتركردنی پەپوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وڵاتی چینی خواست.

سه‌نگه‌ر هه‌ورامی

هەواڵی پەیوەندیدار