بە سیستمی ئەلیكترۆنی، "یوزەیەر نەیم و پاسۆرد"ـی زانكۆلاین دەگەیەنرێتە دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەكاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)ـیان لە ڕێگەی پەروەردە و خوێندنگە و قوتابخانەكانەوە بەدەست نەگەییشتووە، لە حەفتەی داهاتوودا لە ڕێگەی سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە دەتوانن بە كۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیستمی زانكۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆی یان كەسێكی نزیكی تۆمار بكات و، پاشانیش لە ڕێگەی كورتەنامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)ـی بەدەست دەگات و دەتوانێت بچێتە ناو سیستمی زانكۆلاین.
بۆ ئەوەیش، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی دەكاتەوە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) بە باشی بپارێزن، چونكە دواتر لە ڕێگەی ئەو (بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ) كە بەدەستیان دەگات، دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگە لە زانكۆكاندا.
بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە خوێندنگە و قوتابخانەكانی سنووری هەردوو پاریزگای سلێمانی و هەڵەبجە و چەند شوێنێكی دیكە دەوام تێیاندا نییە و مامۆستا و فەرمانبەران بایكۆتی دەوامیان كردووە، بۆیە نەتوانرا ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) لە كاتی خۆیدا بگەیەنرێتە خوێندكاران و قوتابیانی سنووری ئەو دو پارێزگایە، بۆیە بە ڕێگەی ئەلیكترۆنی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەگەیەنرێتە دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی.




