دەزگای بارزانی و كۆنسووڵی كوێت خۆراكیان بەسەر 3000 خێزاندا دابەش كرد

ئاكرێ-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كۆنسووڵی كوێت لە هەرێمی كوردستان، خۆراكی وشكیان بەسەر 3000 خێزانی ئاوارە و كەمدەرامەتدا دابەش كرد.
لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆنسووڵگەریی دەوڵەتی كوێت لە هەرێمی كوردستان، لە چەند كەمپ و ناوچەیەك خۆراكی وشكیان بەسەر 3000 خێزانی ئاوارەو كەمدەرامەتدا دابەش كرد، شێوازی دابەشكردنەكەیش بەم شێوەیە بوو، لە كەمپی ماملیان 1650 خێزانی ئاوارە و لە كەمپی قەڵا لە ئاكرێ 350 خێزانی پەنابەری سوری و هەروەها لە ناو شارۆچكەی ئاكرێ 1000 خێزانی كەمدەرامەتی شاری ئاكرێ هاوكاری كران، هاوكارییەكە بۆ هەر خێزانێك لە پارسێلێك خۆراك پێكهاتبوو كە بریتی بوو لە:(برنج، شەكر، نیسك، زەیت، شیر، چا، خوێ، نۆك، فاسۆلیا، ماسی لە قوتودراو، خورما، ئارد، شەعریە ...هتد).
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی خێرخوازیی وڵاتی كوێت لە ماوەكانی رابردوودا چەندین چالاكی و كاری خێرخوازییان لە كەمپی ئاوارەو پەنابەران لە هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، لەوانە هاوكاریكردنی ماددی و خۆراكی.




