٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، وەڵامی عێززەت سابیر دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ڕەوشی ئەمنیی شاری هەولێر زۆر ئارامە و ئەوانەی پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە ژیانیان لە مەترسیدایە و ترسیان لەسەرە، قسەكانیان لە ڕاستییەوە دوورە.

لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت) بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، ''چەند رۆژێكە لێرەولەوێ گوێبیستی ئەوە دەبین كە گوایە هەڕەشە لە پەرلەمانتاران و خەڵكی ئاسایی كراوە كە گیانیان پارێزراو نییە، ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ڕەوشی ئەمنیی هەولێر زۆر ئارامە و هەرگیز هەڕەشە نە لە هاووڵاتی و نە لە پەرلەمانتارانیش نەكراوە.''

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕوونیشی كردەوە، ''ئەو پەرلەمانتارانەی موزایەدەی سیاسی دەكەن، دەبێ لەو ڕاستییە حاڵی بن كە رۆژانە لە میدیاكان كۆمەڵێك قسەی چەواشەكاری و درۆ بڵاو دەكەنەوە، ئەوانە ترسیان لە هێزە ئەمنییەكان نییە، بەڵكوو ترسیان لە خەڵكی هەولێرە، بەوەی كە لەوانەیە خەڵك بەرەنگاریان ببێتەوە لەسەر ئەم هەموو درۆ و چەواشەكردنەی لە میدیاكاندا بڵاوی دەكەنەوە.''

لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت) ئاماژەی دا: "ئەوەی (د.عێززەت سابیر) گوتوویەتی، سەرلەبەری ئاوەژوو كراوەتەوە و، لێرە هێزە ئەمنییەكان پارێزگاری لە ژیان و گیانی تێكڕای هاووڵاتیان دەكەن بەبێ جیاوازیی ئینتیمای حزبی و بیروڕای جیاواز".

دەشڵێت، ''ئەوانەی وەكوو (عێززەت سابیر) بیر دەكەنەوە، خەیاڵیان پڵاوە و ئەمەش تەنیا خۆڵكردنەچاوی هاونیشتمانیانە و بەس، چونكە لە هەولێر كەس لە یاسا بەرزتر نییە و، وەك هەندێك پارێزگا نییە كە كەس نازانێ كێ پارێزگارە و كێ جێبەجێكاری یاسایە و كێیش حكوومەتە. '' 
   
ئومێد بابان
[email protected]
 

هەواڵی پەیوەندیدار