مەریوان نەقشبەندی: مەلانادر لەسەر ناوزڕاندن مینبەری لێ قەدەغە کراوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاشكرای كرد، لیژنەی هەڵسەنگاندنی مامۆستایانی ئایین، مینبەریان لە (مەلانادر كانیكوردەیی) قەدەغە کرد، ئاخر لە مینبەری مزگەوتەوە ناوی كەسایەتییەكی دینپەروەری هەرێمی كوردستانی زڕاندبوو.
(مەریوان نەقشبەندی) بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(مەلانادر) لە مینبەری مزگەوتێکی شاری هەولێرەوە، بە كافر ناوی كەسایەتییەكی ئیسلامیی هەرێمی كوردستانی بردبوو؛ هەر لەبەر ئەوەیش لیژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی وتاری هەینیی مەلایان، بڕیاریان دا مەلا كانیكوردەیی مینبەری وتاری هەینیانی لێ قەدەغە بکرێت."
(نەقشبەندی) گوتیشی: "بە پێی ڕێساکانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەر مەلایەک لە مینبەری مزگەوتەكەیەوە خەڵک بۆ توندوتیژی هان بدا، یان ناوی خەڵک بزڕێنێت یان بیکاتە بڵندگۆی سیاسەتبازی، ئەوا مینبەری لێ قەدەغە دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش كرد: "هەرێمی كوردستان 5473 مزگەوت لێیە؛ 3015 مزگەوتیان نوێژی هەینییان لێ دەکرێت."
قائید میرۆ




