٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"دەبێت فەرهەنگی پەلاماردانی بارەگاکان بسڕێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوو لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنن کە ناکرێت هەرێمی کوردستان بانگەشەی دیموکراسی بکات لەو لاشەوە هێزە سیاسییەکان خەڵک هان بدەن هێرش بکەنە سەر بارەگای حزبەکان!

عەلی عەونی، ئەندامی سەکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "ناکرێت هێزێکی سیاسی لە کوردستان بانگەشەی پێکەوەژیان و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بکات لەو لاشەوە هانی خەڵک بدات بۆ هێرشکردنە سەر بارەگا حزبییەکان و چاوسوورکردنەوە لە کادیری حزبەکان!"

گوتی: "زۆر گرنگە فەرهەنگی سووتاندنی بارەگا و پەلاماردانی بارەگاگان بسڕێتەوە، چونکە پارتی نموونەی زۆری وای بەسەر تاقی کراوەتەوە لە سنووری ئیدارەی سلێمانیدا، بەجۆرێک لە ١٧ی شوباتەوە گۆڕان و هاوپێڕەکانی دەیانەوێت فەرهەنگێک لەناو خەڵی شاری سلێمانیدا دروست بکەن کە پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی ببێتە داواکاریی خۆپیشاندەران، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە زۆر پێچەوانە بووەتەوە؛ گۆڕان لە ئیدارەدانی حکوومەت و پەرلەمان نەزان بوو لە هاندانی خەڵک بۆ سەر بارەگاکانی پارتییشدا کورتی هێنا؛ خەڵک ئێستا بۆی ڕوون بووەتەوە کە لە سلێمانی کێ مایەی دروستکردنی نەهامەتیی خەڵکە".

گوتیشی: "ساڵێک بەسەر پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی تێپەڕ دەبێت، لایەنە سیاسییەکان لەوە تێبگەن کە بە توندوتیژی و هاندانی خەڵک هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، بگرە خراپتریش دەبێت؛ پاشانیش بارەگایەکی پارتی کە شوێنی کاری سیاسی و مەدەنییە تاوانی لە نەدانی مووچە نییە، تاوان ئەوەیە کە داهاتی شارێک بدزرێت و دیار نەمێنێت".

فارووق عەبدولکەریم، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە و لقی ١٢ـی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی گوت: "ئاخر کاتێک کادیری پارتی وەک فەرمانبەران و خراپتریش مووچە وەرنەگرێت و دۆخی ژیانی لە خەڵکی ئاساییی خراپتر بێت، دەبێت تاوانی چی بێت لەلایەن هێزێکی سیاسییەوە تۆمەتبار بکرێت! ئینجا خەڵکیشی لێ هان بدەن! لە کاتێکدا ساڵێک بەسەر پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی تێپەڕ دەبێت هێشتا لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانیدا کادیرانی پارتی لەژێر هەڕەشە و چاوسوکردنەوەدانە و پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی بەردەوامە؛ پارتی لە سنووری سلێمانیدا هیچ دەسەڵاتێکی نییە، بۆچی لەلایەن گۆڕان و پاشکۆکانیەوە دەکرێتە ئامانج؟ دوای ساڵێک لە تێپەڕبوونی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دەکرێت بپرسین ئەرێ خەڵکی کوردستان ئەوە پارتی بوو بەرپرس بوو لە دیار نەمانی پارە یان دەسەڵاتدرانی سنووری سلێمانی؟"

گوتی: "فەرهەنگی جنێو و پەلاماردانی بارەگاکان مێژوویەکی ڕەشە، ناکرێت ئێستا حزبێک لەژێر دروشمی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕیندا بەسەر پارتیدا بیکات و بەرگێکی شەرعی و جەماوەریی پێ بدات؛ بۆیە دەپرسین ئەگەر بانگەشەی دیموکراسی و یاسامەندی دەکەن، چۆن دەکرێت لەژێر چەتری یاسادا پەلاماری بارەگای حزبی بدەن؟"

عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "ئەوەی پارتی داوای دەکات، تاوان نییە، پشتگیری لە بۆچوونی خەڵکی دەکەین، گوتمان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕای خەڵک؛ تاکە تاوانی پارتی ئەوە بوو کە بەرەی خەڵکی هەڵبژاردووە؛ هەندێک لە لایەنەکان دەیانەویست کودەتا بەسەر خەڵکیشدا بکرێت!"

لەکاتێکدا کوردستان بە درێژاییی (١٠٠٠) کیلۆمەتر لە شەڕێکی دەستەویەخەی گەورەدایە، لەگەڵ گەورە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش، لە کاتێکدا بەشێکی هەرەزۆری ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە بەرەکانی جەنگدا بوون، کەسانێکی نابەرپرس لەم کوردستانە، لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی پارتی، خەڵکێکی نابەرپرسیارن هاندان بۆ سووتاندنی بارەگاکانی پارتی و هێرشکردن بۆ سەر ماڵە پارتییەکان، لەکاتێکدا لە هەموو دنیا ڕێز لە حەرەمی ماڵ دەگیرێت، ڕێزلە ماڵباتی جەنگاوە و سەربازەکان دەگیرێت، بەڵام بینیمان ئاگر لە ماڵی پێشمەرگە بەر درا گوایە ئەمانە پارتین!"

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار