نەسرەدین سەعید: دوای دوورخستنەوەی داعش و گەڕانەوەی خەڵك، دەبێ ڕیفراندۆم لە ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێ، دوای دوورخستنەوەی داعش و گەڕانەوەی خەڵك، دەبێ ڕیفراندۆم لە ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت بە چاودێری و ئاگاداری یوئێن و نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان، تا بە شێوەیەكی یاسایی ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
نەسرەدین سەعید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا سەدا٩٥ـی ناوچەكانی هەرێم لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە ئازاد كراوە، تەنها چەند شوێنێك لە دەشتی نەینەوا و دەوروبەری شنگال ماوە كە ئازاد بكرێت. ئەم ناوچانەشی كە ئازاد كراون لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێن و بۆ كەس چۆڵ ناكرێن، چونكە قوربانی و شەهیدێكی زۆرمان داوە لەپێناو ئەم خاكەدا."
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕوونیشی كردەوە: "پێویستە ئێمە نەخشەیەكی باشمان هەبێت بۆ پاراستنی ئەم ناوچانە، چونكە دوای داعش دوور نییە هەندێك لایەنی تر هەوڵ بدەن ئەو ناوچانە بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە، وەك ئەوەی لە هەندێك شوێندا چەكدارانی حەشدیشەعبی باس لەوە دەكەن كە دەبێت ئەو ناوچانە بۆ ئەوان چۆڵ بكرێتەوە! بەڵام خۆ سوپای عێراق لە كاتی هاتنی داعش ئەو ناوچانەی بە خەڵكەوە بۆ داعش بەجێ هێشت و بەرگرییان نەكرد، بۆیە ئێمە ڕەتی دەكەینەوە كە هەر ناوچەیەكی ئازاد كرابێت و خاكی كوردستان بێت بۆ هیچ كەس و گروپ و لایەنێكی چۆڵ بكەین."
نەسرەدین سەعید جەختیشی كردەوە: "دەبێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ بدات بە زووترین كات ئەو ناوچانەی پێشمەرگە ڕزگاری كردوونە، بە شێوەیەكی یاسایی بیانخاتەوە سەر هەرێمی كوردستان و، دوای نەمانی داعش سنووری ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان دیاری بكریت. چونكە نابێت ئەو بابەتە دوابخرێت و دواكەوتنی لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە. دوای دوورخستنەوەی داعش و گەڕانەوەی خەڵك، دەبێ ڕیفراندۆم لە ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت بە چاودێری و ئاگاداری یوئێن و نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان، تا بە شێوەیەكی یاسایی ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان."
سەرباز واحید




