٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد خۆشناو: ڕێگانەدانی دكتۆر یووسف بۆ هەولێر، كارێكی بەرپرسانە و نیشتیمانی بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، حەقی خۆیەتی خەڵكی كوردستان بەراوردێك لە نێوان ڕێگەدان و نەدانی دكتۆر (یووسف) بۆ هەولێر بكەن، خۆ ئەگەر ڕێگەی بدرابا، بێشك پشێوی و فەوزای هەمەجیانەی ئەو تاقمە تەواوی كوردستانی دەگرتەوە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ژیانی ئاسایی خەڵك و ئارامی شارەكان دەكەوتنە ژێر مەترسی جیددییەوە.

(ئومێد خۆشناو) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر ئەو ڕۆژە تێدەپەڕێت كە، لە بازگەی شێراوە ڕێگە نەدرا دكتۆر (یووسف محەممەد) بێتەوە هەولێری پایتەخت، ئەو ڕووداوە كارێك یان كردارێكی عەفەوی نەبوو، بەڵكوو بەرەنجام و پەرچەكرداری چەند كارێك و ڕێگریكردن لە پیلانی حزبی گۆڕان بوو، كە پێشتر و بە چەند قۆناغێك هەنگاویان بۆی داڕشتبوو، لەوانەیش

قۆناغی یەكەم لەباربردنی یەكڕیزیی نیشتمانی و تێكدانی تەوافووقی لایەنەكان و جێهێشتنی مەبدەئی سازان و چوون بەرەو زۆرینە و كەمینە! بوو، قۆناغی دووەمیش هەنگاونان بوو بۆ ئەوەی دامەزراوە شەرعییەكانی وڵات پڕ بكەن لە فەوزا و ئاشووب و پاشاگەردانی و كردنی بە بەردەركی سەرای سلێمانی، قۆناغی سێیەمیش پشتكردن بوو لە سنگەرەكانی پێشمەرگە و دروستكردنی بەرەیەكی دیكەی شەڕ لە پشت سەنگەرەكانی پێشمەرگە و هێزە ئارامیپارێزەكان".

بە گوتەی (خۆشناو)، قۆناغی چوارەمیش بەكارهێنانی جەماوەر و هەڵكوتانەسەر بارەگاكانی پارتی و سووتاندنی بارەگاكان و شەهید و برینداركردنی كادیرانی پارتی لە دەڤەرێك بوو كە، بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەیەكیشی بەدەست نییە".

سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: "پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا گۆڕان لەو كارەدا بەتەنیا بوو؟ وەڵامەكەی نەخێرە، پلانداڕێژەران و بەشێك لە سەرانی دەستڕۆییشتوو و شەڕانگێزی گۆڕان، لەو كارەدا پشتئەستوور بوون بە پشتیوانیی پاشماوەكانی ئەنسارولئیسلام و گرووپێكی یەكێتی بە سەرپەرشتی كچانی (ئیبراهیم ئەحمەد) و هاوكاریی ئەملا و ئەولا".

گوتیشی: "حەقی خۆیەتی خەڵكی كوردستان بەراوردێك لە نێوان ڕێگەدان و نەدانی دكتۆر (یووسف) بۆ هەولێر بكەن، خۆ ئەگەر ڕێگە بدرابا، بێشك پشێوی و فەوزای هەمەجیانەی ئەو تاقمە تەواوی كوردستانی دەگرتەوە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ژیانی ئاسایی خەڵك و ئارامیی شارەكان و قایمیی سەنگەرەكان هەر هەمووی دەكەوتنە ژێر مەترسیی جیددییەوە، بەڵام بە ڕێگەنەدانی هەموو ئەوانە پێچەوانەوە بوونەوە و ئێستا خەڵكی كوردستان باشترین شاهیدی ئەو ڕاستییەن، بۆیە لەو ساڵیادە دەڵێین ڕاستە لە ناچاری ئەو كارەمان كرد، وەلێ نەك لێی پەشیمان نین، بەڵكوو زۆریش ئاسوودەین و، ڕۆژان و ساڵانی لەپێشمانن ڕاستییەكان باشتر دەردەخەن و مێژوو و ئایندەی وڵات دەریدەخات كە چ كارێكی بەرپرسانە و گەورەی نیشتیمانی بووە".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار