عەلی عەونی: هەرێم لەگەڵ بەغدا رێك كەوتووە، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ناكشێتەوە

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەڵێت، هەرێمی كوردستان بە مەرج رێگەی بە سوپای عێراق داوە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هێرشی سەر مووسڵ بكەن، ئەویش ئەوەیە كە ئەوان هاوكار بن ناوچە كوردستانییەكان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیش ئەو شوێنانەی ئازادی كردوون، لێیان نەكشێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی شێخان (عەلی عەونی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو هێزەی هاتووە، لە سنووری ئێمە نەماوە و رەت بووە و لە بەنداوی مووسڵیش تێپەڕ بوونە كە بە مەبەستی شەڕی موسڵ بوو، بەڵام ئێمە نازانین حەشدی شەعبین یاخود نا".
(عەونی) گوتیشی، لە دانیشتنەكانی ئەم دواییەی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەغدا هەندێك رێككەوتن كراون، كە بەغدا رازی بێت بەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بمێننەوە و نەكشێنەوە، لە بەرانبەریشدا رێگا بە سوپای عێراق بدرێت كە لە خاكی كوردستانەوە بچنە شەڕی مووسڵ، لەبەر ئەوەی هیچ دەرگایەكیان نییە جگە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مووسڵ ئازاد بكرێت.
بەرپرسی لقی شێخان ڕوونیشی كردەوە، جگە لەوە، بەغدا هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، هەروەها هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانەی ئازادی كردوون دەمێنێتەوە و ناكشێنەوە و سەنگەری خۆیان لێ دەدەن، بۆیە هەرێم بەو مەرجە رازی بووە سوپای عێراق لە رێگەی هەرێمەوە هێرشی سەر مووسڵ بكات.
بڵند ئیبراهیم




