موشیر: ئاخاوتنەكانی عێززەت سابیر دوورن لە راستییەوە.. پارتی هەڕەشەی لە كەس نەكردووە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی، رەتی كردەوە لە هەولێر هەڕەشە و مەترسی لەسەر ژیانی هیچ پەرلەمانتارێك و كەسێكی دیكەیش هەبێت، ئاماژەی بەوەیش كرد، بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی بوختان بۆ پارتی دروست دەكەن و دەڵێن لە هەولێر مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە.
(بەشار موشیر) ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئاخاوتنەكانی دكتۆر (عێززەت سابیر) پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی یەكێتی، دوورن لە راستییەوە كە دەڵێ، ژمارەیەك پەرلەمانتار بە هۆی هەڕەشەلێكردن شاری هەولێریان بەجێ هێشتووە، بەداخەوە ماوەیەك برادەرانی پەرلەمانتاری یەكێتی ئەو قسانە دەكەن ئەوەیش لە چوارچێوەی پیلانێكە بۆ تێكدانی رەوشی ئارامی شاری هەولێر و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی لە كەس نەكردووە و نایشیكات، ئەوە تەنیا پڕۆپاگەندەی هەندێ كەسە دەربارەی هەولێر دەیكەن".
لێدوانەكەی پەرلەمانتارەكەی پارتی دوای لێدوانێكی دكتۆر (عێززەت سابیر) پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی یەكێتی هات، كە ناوبراو شەوی رابردوو لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، گوایە لە هەولێر مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و 10 پەرلەمانتار شارەكەیان جێ هێشتووە.
(موشیر) دەیشڵێ: "شاری هەولێر ئارامترین شاری هەرێمی كوردستانە و هەر كەس تێیدا ئازادە چۆن بیروباوەڕی خۆی دەرببڕێ، بەڵام خەڵكێك پەیدا بووە بوختان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەكات، ئەوەیش هیچ بنەمایەكی نییە و جەماوەری شاری هەولێر ئەو راستییە باش دەزانن شارەكەیان چەند ئارامە و دوورە لەو قسانەی خەڵكێك بە مەبەست دەربارەی شاری هەولێر دەیكات".
قائید میرۆ




