شێخوەسانی: سوپای عێراق بە چەكی قورسەوە لە دەوروبەری مووسڵ جێگیر كراوە

مووسڵ-KDP.info- وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستی كرد بە هێنانی هێز بۆ دەوروبەری شاری مووسڵ و دوێنێ تا شەوی رابردوو هێزێكی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی گەییشتوونەتە ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ، فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش دەڵێ، دوێنێ لیوایەكی درع بە چەكی قورسەوە گەییشتوونەتە مەخموور.
لیوا (زریان شێخوەسانی) جێگری بەپرسی میحوەری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئامادەكاریی هێنانی هێز بۆ هێرشی سەر شاری مووسڵ لە بەرەی مەخموور دەستی پێ كردووە و جگە لەوەی هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بە فەرمانی سەرووی خۆی بەشداری لە هەر شەڕێكدا بكات لە ناوچەكە، حكوومەتی عێراقیش دەستی كردووە بە هێنانی هێز بۆ دەوروبەری مووسڵ و لیوایەكی درع گەییشتووەتە رۆژئاوای قەزای مەخموور، تا بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا بكەن".
(شێخوەسانی) گوتیشی: "ئەو لیوایەی سوپای عێراق هێزێكی دەستوەشێنە و هەموو جۆرە چەكێكی لایە بۆ لێدانی داعش و بڕیارە لە كاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەڕاسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ سوپای عێراق لە میحوەری مەخموورەوە بەرەو گەیارە و حەمام عەلیل پێشڕەوی بكات بۆ نێو شاری مووسڵ".
لە لایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چەند رۆژێكە حكوومەتی عێراق دەستی كردووە بە هێنانی هێز بۆ میحوەری بەنداوی مووسڵ و سنووری ناحیەی تلكێف، شەوی رابردوویش كاروانێكی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی گەییشتوونەتە باكووری مووسڵ و لە چەند كەمپێكدا جێگیر كراون تا دەستپێكردنی شەڕەكە".
قائید میرۆ




