لە پۆڵۆنیادا بە پێویستیان زانی کورد دەوڵەتی خۆی هەبێ

پۆڵۆنیا-KDP.info- لە 25ـەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایش لە شاری کراکۆڤ کە وەك هەموو ساڵێك لە لایەن پەیمانگەی توێژینەوەی ستراتیژی و بارەگای سەرەکی ناتۆ و دەزگای کۆنراد ئادێناورەوە ڕێك دەخرێت، زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیایش لەوێ بوو.
ئەمساڵ کۆنفرانسەکە بەڕێوە چوو لەژێر ناونیشانی "دوای لوتکەی ناتۆ NATO لە وارشۆ؛ وەڵامێکی دروست بۆ تەنگانە." لە دیدارەکەدا زۆر کەسایەتیی ناسراو بەشدارییان کردبوو، لە سەروویانەوە سەرکۆماری پێشووی پۆڵۆنیا برۆنیسلاڤ کۆمۆرۆڤسکی Bronisław Komorowski و هەروەها پەرلەمانتاران و نوێنەرانی ناتۆ و توێژەران و شرۆڤەکاران.
لەو وتووێژانەدا کە دوای پانێڵی "گەڕان بەدوای هاوسەنگیدا" بەڕێوەچوو، زیاد ڕەئووف وتەیەکی پێشكەش کرد و، ئاماژەی دا کە بەشداران تەنیا چاویان خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی ناتۆ ـ ڕوسیا و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان فەرامۆش کردووە.
لە هەمان کاتدا، هەروەك نوێنەری حکوومەت تێبینیی کرد، تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعش کێشەی گرنگی ئەوڕوپا و جیهانن کە بوونەتە هۆی مەترسی بۆ هەموو لایەك، ئەنجامی ئەو مەترسییەش شەپۆلی ئاوارەکانە بۆ ئەوروپا کە پشێوی و نائارامی دروست دەکات بۆ سەر کیشوەرەکە. جگە لەوەش داعش هەڕەشە دروست دەکات بۆ سەر ئاسایشی وزەی ئەورووپا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بارەیەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
زیاد ڕەئووف پرسیارێکی گرنگی خستە بەردەم ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە کە ئایا پێویست ناکا پشتیوانی زیاتری کورد بکرێ کە کاریگەرترین هێزە لە جەنگی دژ بە داعشدا؟
پرسیاری زیاد ڕەئووف سەرەتایەك بوو بۆ گفتوگۆیەکی گەرم. لەو گفتوگۆیەدا دەنگی پرۆفیسۆر ڕۆمان کوژنیار Roman Kuźniar ڕاوێژکاری پێشووی سەركۆمار بۆ پرسی ئاسایش گرنگییەکی زۆری هەبوو، دانی بەوەدا نا کە ئەزموونی تا ئێستای ڕۆژئاوا لە دەستوەردانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێسوود بووە، لە هەمان کاتدا هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ جەنگی کورد لە دژی داعش دەربڕی و، بەوە کۆتایی بە قسەکانی هێنا کە "کوردەکان مافی خۆیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێ و پێویستە پشتگیری بکرێن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە".




