ماجد شنگالی: پەكەكە نایەتە شەڕی مووسڵەوە
__2016_10_11_h19m23s41__HK.jpg)
بەغدا -KDP.info- نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕەتی كردەوە پەكەكە بە شەڕی مووسڵەوە بگلێ؛ "هاوپەیمانان و حەیدەر عەبادی پێیان ڕاگەیاندووین پەكەكە بەشداری شەڕی مووسڵ ناكات." ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشكرا كرد، هەندێ لایەنی كوردی پارە لە بەغدا وەردەگرن و دەینێرن بۆ پەكەكە.
دكتۆر (ماجد شنگالی) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، بەپێی گوتەی بەرپرسەكانیان پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە چوارهەزار چەكداریان لەنێو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە و ئامادە كراون بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی هەڵەیە پەكەكە دەیكات و توركیا بە ڕاشكاوانە بە عێراقی ڕاگەیاندووە تا ئەو هێزانەی بە ناوی پەكەكە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا ماون توركیا ناكشێتەوە، بەڵام من خۆم گوێم لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو دەیگوت بە هیچ شێوەیەك پەكەكە بەشداری شەڕی مووسڵ ناكات."
پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد: "منیش گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی پەكەكە ناچێتە شەڕی موووسڵەوە، چونكە بڕیاری شەڕی مووسڵ نە لە دەستی توركیادایە نە عێراق؛ بەڵكۆ هاوپەیمانان و ئەمەریكا بڕیار دەدەن كێ بەشداری شەڕی مووسڵ دەبێ؛ بەو پێوەش هاوپەیمانان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن پەكەكە بەشداریی شەڕی مووسڵ بكەن."
ماجد شنگالی باسی هەوڵەكانی خۆی بۆ دەركردنی چەكدارانی پەكەكە لە دەڤەری شنگال كرد و گوتی: "ئەگەر پەكەكە بۆ هاوكاریی هەرێمی كوردستان و شنگال هاتووە، پێیانمان گوتووە ئەركی ئێوە كۆتایی هاتووە، فەرموو بچنەوە و لە ناوچەكە بڕۆن؛ لە كوردستانی باكوور و ڕۆژئاوادا درێژە بە خەباتی خۆتان بدەن. لەگەل حكوومەتی عێراقیشدا قسەمان كردووە بەسە هاوكاری پەكەكە مەكەن، عێراق دەڵێ ئێمە پارە نادەین بە پەكەكە، هەندێ لایەنی دیكەنە پارە لە ئێمە وەردەگرن و بۆ پەكەكەی دەنێرن."
قائید میرۆ




