مینا سامی: بەشدارینەکردنی پارتی لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە داھاتی سلێمانی، مانایەکی ڕوونی ھەیە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە داھاتی سلێمانی دەستبەکار بووە و سەرقاڵی کاری خۆیانن، بەڵام بەشدارینەدانی پارتیی لەو لیژنەیە مانایەکی ڕوون وئاشکرای ھەیە.
مینا سامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داھاتی سلێمانی پێک ھاتووە و، دەستبەکاریش بووە و،خەریکی کاری خۆیەتی و، وا خەریکە لەو داھاتە ورد دەبێتەوە."
گوتیشی، بەشدارینەکردنی پارتی لەو لیژنەی لێکۆڵینەوەدا مانایەکی ڕوونە، لەبەر ئەوەی ئەو داھاتەی لەوێیە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و گۆڕاندایە و، لیژنەکەش ھەر خۆیانن! ئیتر کەس ھەیە بڵێت پارەکە دەگەڕێتەوە مەرکەز یاخود نا؟ خۆی ئەو جۆرە پرسانە بە داتا و بەڵگە ڕوون دەکرێتەوە."
مینا سامی ڕوونیشی کردەوە، ئەو ئەندامانەی لە ئەنجوومەن ھەمووی سەر بە حزبەکان و، ئەگەر سەربەخۆ بوونایە و نوێنەرایەتی خەڵکیان بکردایە، ئێستا ئەو ململانێیە دروست نەدەبوو کە سلێمانی سێ پارێزگاری ھەبێت و کەسیشیان دەوام نەکا!"
سامی باسی لەوەش کرد، پێویستە جارێ چاوەڕێی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە بکەین، بزانین ئەتوانن زانیارییان دەست بکەوێت و، بەبێ کۆسپ کاری خۆیان بکەن یاخود نا؟
بڵند ئیبراھیم




