لە ئەكادیمیای نۆرنبێرگدا، باس لە دەوڵەتی کوردستان و دادگایکردنی داعش دەکرێ
__2016_10_11_h15m47s30__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لێژنەی باڵای حكوومەتی هەرێم بۆ ناساندنی جینۆسایدی تاوانەكانی داعش دەڵێ، بە فەرمی لە لایەن ئەكادیمیای نۆرنبێرگی ئەڵمانیا بانگهێشت كراوه بۆ پیشكەشكردنی توێژینەوەیەكی ئەكادیمی كە باس لە ناساندنی جینۆسایدی تاوانەكانی داعش لە كوردستان و گرینگی بە دەوڵەتبوونی كوردستان دەكات.
(كرمانج عوسمان) ڕاوێژكاری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤە لە كوردستان و ئەندامی لێژنەی باڵای حكوومەتی هەرێم سەبارەت بۆ ناساندنی جینۆسایدی تاوانەكانی داعش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك شارەزایەکی بواری یاسای نێودەوڵەتی و تاوانەكانی جینۆساید بە فەرمی لە لایەن ئەكادیمیای نۆرنبێرگ له ئەڵماانیا، بانگهێشت كراوم، بۆ پیشكەشكردنی توێژینەوەیەكی ئەكادیمی سەبارەت بە هۆكاری ئەندامنەبوونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دادگا نێودەوڵەتییەكاندا، كە لە ماوەی 13 هەتا 14ـی ئەم مانگە پێشكەش دەكرێت."
(كرمانج عوسمان) ڕوونیشی كردەوە: "بەتەنها من لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بانگهێشت كراوم، گرینگی بەشدارییەكەم لەوەدایە كە شاری نۆرنبێرگ ئەو شارە بوو كە نازیەكانی لێ دادگایی كرا سەبارەت بە تاوانەكانی جەنگی دووەمی جیهانی، لە هەمان كات ئەكادیمای نۆرنبێرگ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە سەرپەرشتی دەكرێت و لەو كۆبونەوەیە زۆربەی دادوەر و لێكۆڵەرەوەرەكانی دادگاكانی یوگوسلاڤیای جاران و ڕواندا و سیرالیۆن و تەیموری ڕۆژهەلات و لیبیا و ئەوانی تر ئامادە دەبن. منیش لە توێژینەوەكەم باس لە ناساندنی جینۆسایدی تاوانەكانی داعش دەكەم لە كوردستان و باس لە گرینگی بە دەوڵەتبوونی كوردستان دەكەم بۆ دووبارە جینۆساید نەبوونەوەی گەلی كوردستان، ئەوەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ زیاتر ڕاكیشانی دادوەرانی جیهانی و لۆبیكردن بۆ كەیسی تاوانەكانی داعش."
سەرباز واحید




