سەركردەیەكی رۆژئاوای كوردستان لە زیندانی پەیەدەدا ژیانی لە مەترسیدایە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بە هۆی تێكچوونی رەوشی تەندروستییەوە، ژیانی ئهندام مەكتەب سیاسییەكی رۆژئاوای كوردستان لە زیندانی پەیەدەدا لە مەترسیدایه ".
(نووری بریمۆ)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چوار سەركردە و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە سووریا لەنێو خانوویەكدا لەلایەن ئاساییشی پەیەدەوە ماوەی دوو مانگە زیندانی كراون و رێگەش نادرێت كەس سەردانیان بكات، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە رەوشی تەندروستیی (محەممەد ئیسماعیل) بەرپرسی دارایی مەكتەبی سیاسیی پارتی زۆر خراپە و لە مەترسیدایە، بەڵام بەرپرسانی پەیەدە ئامادە نین چارەسەر بكرێت و بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی تێكچوونی رەوشی تەندروستییەوە مەترسی لەسەر ژیانی هەڤاڵ (محەممەد ئیسماعیل) هەیە و نایشزانین نەخۆشییەكەی چییە".
(بریمۆ) گوتیشی: "بانگەوازمان بۆ گشت لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان كردووە، رەوشی زیندانیانی ئێمە لە دەستی پەیەدەدا زۆر خراپە و پەیەدە خۆی كردووەتە عەسابە لە رۆژئاوای كوردستان، پشوودرێژیی ئێمەیش سنووری خۆی هەیە و ئەگەر سبەی كردمان بە ناخۆشی، ئەوە با هەموو گەلی كورد بزانێت شەڕی براكوژی نییە، بەڵكوو شەڕی ئێمە و بەكرێگیراوانی (بەشار ئەسەد)ـە".
قائید میرۆ




