حكوومەتی هەرێم كۆمەڵێك رێكاری یاسایی بۆ رێگریكردن لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری سووریا روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەشێك لە رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان باس لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەكەن بە شێوازی جیاجیا و، هەندێك لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەستیان لەمەدا هەیە و داوای نەهێشتنی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە دەكەن. لەم بارەیەوە (د. دیندار زێباری) رایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم كۆمەڵێك رێكاری یاسایی بۆ رێگریكردن لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر و چەندین رێنمایی تایبەتی بڵاو كردووەتەوە".
سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) گوتی: "حكوومەت بەردەوام هەوڵی داوە ژیانی تاكەكانی بەرەو باشتربوون ببات و زەمینەیەكی پێكەوەژیانی بۆ رەخساندوون بۆ ئەوەی خەڵك بە ئاشتیانە و پێكەوە لە هەرێمی كوردستان بژین بە پەنابەر و ئاوارەكانیشەوە، بەڵام بە هۆی ئەو رەوشە ئابووری و ئەمنییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بووەتەوە ئاستەنگ لە بەردەم بەرێوەچوونی ئەركەكانی حكوومەت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە دروست بووە".
(زێباری) زیاتر سەبارەت بەم بابەتە ڕوونی كردەوە: "بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (8322) لە ١٦ـی ئایاری 2016 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان پێك هێنرا لە نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم لە وەزارەتەكانی ناوخۆ، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كە ئەركیان بەدواداچوون بوو بۆ ئەو كەیسانەیە كە لە هەندێك راپۆرتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ ئاماژەی پێ كرابوو، هەروەها بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەم كەیسە چەند لیژنەیەكی دیكە پێك هێنران لەوانە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ژمارە (9386) لە ٣١ـی ئایاری ٢٠١٦ چەند لیژنەیەكی لاوەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە پارێزگاكانی هەرێم بە بەشداریی ئەندامانی ئاساییش و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان پێك هێنران. لەلایەكی دیكەوە بە فەرمانی جەنابی وەزیری ناوخۆ ژمارە (573) لە ١٩ـی تەمووزی ٢٠١٦ لیژنەیەكی لاوەكیی دیكە بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆسەر ژنانی پەنابەری رۆژئاوا بە تایبەت لە كەمپی دۆمیز لە دهۆك پێك هێنرا".
سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زیاتر گوتی: "دوای ئەوەی لیژنەكان دەستبەكار بوون، كۆمەڵێك رێنمایی لە دەرەنجامی كارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ پەسەند كراوە و بە گوێرەی ئەم رێنماییانە ژمارەیەك كۆمپانیای تایبەت كە بەرپرسیارن لە پێدانی مۆڵەتی مانەوە بۆ كرێكارانی بیانی، دەبێت كارئاسانییان بۆ بكرێت، هەروەها ئەو كۆمپانیایانەی كرێكاری بیانی دەهێننە هەرێم بەرپرسیارن لە گێڕانەوەی كرێكارانی بیانی بۆ وڵاتی خۆیان پێش تەواوبوونی ڤیزایان و ئەگەر هاتو نەنێردرانەوە، ئەوە بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار سزا دەدرێن و رووبەڕووی سزادانی یاسایی دەبنەوە".
سەبارەت بە كاری لیژنە لاوەكییەكان بە تایبەتی ئەوەی لە پارێزگای دهۆك پێك هاتووە، (زێباری) ئاماژەی دا: "دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد لیژنەكە گەییشتووەتە چەند راستییەك دەربارەی ئەو كەیسانەی باس كراون، لەوانە ژمارەیەك لەو كەسانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشوو دراون بە نهێنی بووە و بە شێوەیەكی نایاسایایی و بە بێ رەزامەندیی دادوەر یاخود دادگا ئەم كارە ئەنجام دراوە، هەر كەسێك لە بەشووادنی منداڵان دەستی هەبووبێت ئەوە دەستگیر دەكرێت و لە دادگا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها سەبارەت بە هەموو ئەو كەیسانەی باس لەوە دەكەن كە دەستدرێژی كراوەتە سەر ئافرەتان لەلایەن دانیشتووانی ناو كەمپەكەوە، پشتڕاست نەكراونەتەوە".




