400 ئۆتۆمبێلە جامڕەش و بێژمارەکانی پەکەکە، سەرئێشەن بۆ خەڵکی

سنوونێ-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ رایگەیاند، هەبوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا ڕێگرە لە پێش هەر كارێك كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بكرێت، ئەوان زیاتر لە 400 ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێژمارەیان پێیە و هەموو ئەمانەیش لە دهرهوهی سنوورهوه بۆ ناوچەكە هێنراون.
(نایف سەیدۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەبوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا، ڕێگرە لە پێش هەر كارێك كە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بكرێت، ئەوان زیاتر لە 400 ئۆتۆمبێلی بێژمارە و جامڕەشیان پێیە، كە كەس نازانێت كێن، چونكە هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە لە دهرهوهی سنووری هەرێمی کوردستان و ولاتانی هەڕیمییەوە هێنراون بۆ ناوچەكە، ئەوەیش كێشەیەكی زۆری بۆ خەڵكی دەڤەرەكە دروست كردووە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ، کێشە لەوەیە کە ئەگەر کەس نازانێ ئەوان کە لە ناوچەکەدا(لە سنوونێوە تا دەگاتە شنگال) بڵاو بوونەتەوە و هەروا تەراتێنیانە، چ دەکەن و دەیانەوێ چ بکەن، ئامانجیان لە هێنان و بلاوەپێکردنی ئەم ئۆتۆمبێلە بێژمارانە چییە. خۆ ئەگەر سەرپێچییەکی یاسایی، تاوانێک یان هەرکارێکی نەشیاویش ئەنجام بدەن، بە هۆی ئەوەوە کە جامڕەشن و کەسەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکان دیار نین، ڕووداوەکەش تێدا ون دەبێ، "ئاخر کە نەزانی کێیان تێدایە و چەند کەسن و ژمارەی ئۆتۆمێلەکە نەبێ، چۆن ئۆتۆمبێل و هەمیش کەسەکانی دەستنیشان دەکرێن."
(سەیدۆ) پێوەست بە دۆخی ناوچەکەیان لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانیشەوە گوتیشی: "تا ئێستا لە سنووری شارەدێیەكەمان 23 قوتابخانە بۆ قوتابیان كراونەتەوە، تەنانەت لە چیای شنگالیش قوتابخانە كراونەتەوە و قوتابیان تێیاندا دەخوێنن، ئەگەر ژمارەی قوتابیانیش زیاتر بێت، ژمارەی قوتابخانەكانیش زیاتر دەكەین".
دەشڵێ: "تا ئێستا 7 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سنووری سنوونێ و شنگال و دەوروبەری، رۆژانەیش 20 تا 30 ماڵ كە ئاوارەی دهۆك و ناوچەكانی دیكە بوونە، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەر خێزانێكیش گەڕابێتەوە 100 لیتر نەوتی بەسەردا دابەش كراوە، جگە لەوەی لەلایەن ڕێكخراوەكانەوە كەلوپەلی ناو ماڵ و خۆراكیان بەسەردا دابەش كراوە".
رابین شێروانی




