حەفتەی دابێ پارەی جووتیاران دهگاته هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، لە ئێستادا پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە بانكی رافیدەین لە بەغدا دانراوە و، تەنیا ئەوە ماوە نوێنەری هەرێم بچێت ئەو پارەیە وەربگرێت، بۆیە حەفتەی داهاتوو ئەو پارەیە دەگاتە هەرێم.
(بەشار مشیر ئاغا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا كردووە و هەموو رێكارەكانی خەرجكردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و پارەكەیش وەكو كاش لە بانكی رافیدەینی عێراق دانراوە، تەنیا ئەوە ماوە نوێنەری بانكی ناوەندیی هەرێم بچێتە بەغدا و ئەوپارەیە وەربگرێت و بیهێنێتە هەرێمی كوردستان".
(ئاغا) گوتیشی، حەفتەی داهاتوو دووشەممە تاوەكو رۆژی سێشەممە، پارەكە دەگاتە هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوەی لە بەغدا ئێستا پشووە و دەوام نییە.
ئەندامەكەی لیژنەی كشتوكاڵ ڕوونیشی كردەوە، ئەو پارەیە بڕەكەی ٣٠٩ملیار دینارە و هیی هەر سێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە، كە دەكاتە نیوەی پارەی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥.
بڵند ئیبراهیم




