جانۆ: عێراق پارە دەداتە پەكەكە.. وەك كورد دژی هاوكاریی عێراقین بۆ هێزی دەرەكی

بەغدا-KDP.info- نوێنەرێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە زیاتر لە چەند كەناڵێكی جیاوازەوە سەرچاوەی داهات بۆ هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" دابین دەكات و، ئەو هێزانەی بە ناوی جیاواز دروست كراون، هەموویان دروستكراوی عێراقین و بەغدایش وەك حەشد مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.
(رێناس جانۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "عێراق لە زیاتر لە سەرچاوەیەكەوە هاوكاریی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە ژێر ناوی جیاواز دەكات، ئەو سیاسەتەی عێراق بۆ هاوكاریكردنی چەكدارانی پەكەكە هیچ سوودێك بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق ناگەیێنێت، چونكە بەكارهێنانی پەكەكە وەك كارتێكی گوشار بەرانبەر بە حكوومەتی توركیا، مودێلێكی كۆنە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە هۆی هەبوونی دوو بلۆكی رووسیا و ئەمەریكا هەریەكەیان هاوكاریی هێزێكی دەكرد، كاتی خۆی ئێران و سووریا هاوكاری پێشمەرگە بوون لەبەر ئەوەی دوژمنی عێراق بوون، بەڵام ئێستا توركیا نەیاری عێراق نییە تا عێراق لە بەرانبەر توركیا پەكەكە بەكار بێنێت".
(جانۆ) گوتیشی: "ئەو كارەی عێراق دەیكات بەشێكە لە ململانێی هەرێمایەتی كە بۆ ئێران شەڕی توركیا بكات، ئەمەیش جگە لە زیان هیچ سوودێك بە گەل و سەروەریی عێراق ناگەیەنێ، سەرچاوە هەن دەیسەلمێنن كە عێراق هاوكاریی چەكدارانی پەكەكە دەكات و ئەو هێزانەی بە ناوی جیاوازەوە دامەزراون، سەرچاوەی داراییان لە عێراقەوە بۆ دەچێت و وەك حەشد مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، هیچ یاسایەكی نێودەوڵەتییش رێگە نادات وڵاتێك پارە بدات بە وڵاتێكی دیكە كە چەكدار بن".
ئهو ئهندامهی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهشڵێت، پێشمەرگە هاووڵاتیی عێراقین و لەسەر خاكی عێراق شەڕ بەرانبەر دڕەندەترین دوژمنی عێراق كە داعشە دەكات، بەڵام عێراق ئامادە نییە پارەی پێشمەرگە خەرج بكات، بەڵام ئامادەیە پارە بۆ پەكەكە دابین بكات، پێم وابێت بۆ عێراق شەرەفمەندانەترە ئهو پارەیە بدات بە هاووڵاتیانی هەژاری خۆی، ئەوانەی بێدەرامەتن و لەسەر شەقامەكان كەوتوون، نەك پارە بۆ سیاسەتێكی فاشیلی لەناوچوو دابین بكات تا شەڕێكی هەرێمایەتی پێی بكەن، ئێمە وەك كورد دژی هەر هاوكارییەكی عێراقین بۆ هێزی دەرەكی، هەر ئەو كارانەی عێراقیش وایان كرد توركیا بێتە عێراق و ئێستا ئاشكرا بوو پەكەكە توركیای هێناوەتە عێراق".
قائید میرۆ




