پارتی بەردەوامە لە گۆڕانكاری.. هەشت بەڕێوەبەری شارهدێ دادەنێت

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك بەڕێوەبەری نوێ بۆ هەشت ناحیەی سنووری پارێزگای هەولێر دەستنیشان دەكات و، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، حەفتەی داهاتوو ئەنجوومەن دەنگ لەسەر ئەو بەڕێوەبەرانە دەدات و نۆ بەڕێوەبەریش ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت.
(كەنعان خەیلانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی بەردەوامە لە پڕۆسەی گۆڕانكاری لە یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە بە نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای لە دانانی هەشت بەڕێوەبەری ناحیە ئاگادار كراوەتەوە و ناوی هەشت كەس وەك پاڵێوراو بۆ پۆستی هەشت ناحیە رەوانەی ئەنجوومەن كراوە، ئەو هەشت ناوەی پێمان گەییشتووە، دەبنە بەڕێوەبەری نوێی ناحیە".
(خەیلانی) گوتیشی: "ئەو ناوانەی بۆمان هاتوون لەسەر بنەمای لێهاتوویی بووە، هەركەسێك دەستنیشان كرابێت بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە، ئەوە هەموویان پێشتر ئەزموونی ئیدارییان هەبووە و بۆ ماوەی نزیكەی دە ساڵ خزمەتیان هەیە لە یەكە ئیدارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سیڤیی هەموو پاڵێوراوەكان لەگەڵ ناوەكانیان لای ئەنجوومەنە بۆ ئەوەی رادەستی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای بكەین و، دواتر لە كۆبوونەوەكی ئەنجوومەندا دەنگ لەسەر ئەو ناوانەی پێشنیاز كراون دەدرێت، پێشبینی دەكەم لە حەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەكان بدرێت".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دەشڵێ، جگە لەو هەشت بەڕێوەبەرەی دادەنرێن، بڕیارە نۆ بەڕێوەبەری ناحیەیش لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێت، پڕۆسەی گۆڕانكارییش بەردەوامە و بڕیارە لە داهاتوودا ژمارەیەك بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگای هەولێر بگۆڕدرێن و بەشێكیشیان ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت".
قائید میرۆ




