شارەزایەكی ئابووری: "پێویستە كەرتی تایبەتیش بکرێتە ئەلیكترۆنی"
__2016_10_10_h19m6s34__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی ئابووری ئاماژە بە پڕۆژەكەی حكوومەت بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی ناوی فەرمانبەران دەكات و بە هەنگاوێكی باشی وەسف دەكات بۆ نەهێشتی دوومووچەیی، ئەو شارەزایە داواش لە حكوومەت دەكات كەرتی تایبەتیش بە ئەلیكترۆنی بكرێت تا دەرفەتی كار بۆ خەڵكی بێكار بڕەخسێندرێت.
عەبدولڕەحمان زرار شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی حكوومەت بۆ بەلیكترۆنیكردنی ناوی فەرمانبەران هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی داهات، ئەویش لە ڕێگەی نەهێشتنی دوومووچەیی و هەبوونی زانیاری و داتای پێویست بەردەستی حكوومەت، هەروەها دەبێتە ئاسانكاری بۆ فەرمانبەرانی ناوچە دوورە دەستەكان ئەوانیش دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە حیسابی بانكی لە ڕێگەی بانكی نزیكی خۆی مووچەكەی وەربگرێت، لایەكی دیكەوە پرۆسەیەكی گرنگیشە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەرانی بندیوار ئەوانەی دەوام ناكەن، ڕەنگە یەكسەر ئەو بندیوارانە ئاشكرا نەكرێن، بەڵام ڕێگەكە ئاسانتر دەكاتەوە بۆ ئەوەی حكوومەت فەرمانبەر بندیوارەكان ئاشكرا بكات."
زرار گوتیشی: "بە پێویستی دەزانم حكوومەت كەرتی تایبەتیش بە ئەلیكترۆنی بكات، چونكە لە هەرێمی كوردستان خەڵكێكی زۆر هەیە دانەمەزراوە و كاریشی بەدەست ناكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە خەڵكێكیش هەیە فەرمانبەر و لە كەرتی تایبەتیش كار دەكات، ئەگەر بێت و حكوومەت كەرتی تایبەتیش بە ئەلیكترۆنی بكات و بڕیار بدات هەر هاوڵاتییەك یەك دەوام بكات، ئەوە ڕێژەیەكی زۆر دەرفەتی كار پەیدا دەبێت، بۆ نموونە كاتی خۆی عێراق بڕیارێكی هەبوو هەركەسێك فەرمانبەر بووایە ڕێگەی نەدەدا ئۆتۆمبێڵی تاكسی هەبێت، ئێستا فەرمانبەر هەیە دوای دەوام تاكسیی هەیە و، لە كۆمپانیایەكیش دامەزراوە، واتە سێ كار دەكات و، كەسیش هەیە بێكارە.
قائید میرۆ




