سەدا١٢ـی هاووڵاتیانی دهۆك خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتری تۆمار كردووە

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، لە ڕێگای ١٤ بنكە و تیمی گەڕۆك پرۆسەی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دهۆك بەڕێوە دەچێت و، تا ئێستا سەدا١٢ زیاتری هاووڵاتیان خۆیان تۆمار كردووە.
سەگڤان حەسەن بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پرۆسەی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی بە شێوەیەكی گشتی لە سنووری پارێزگای دهۆك بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە دەچێت، ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە لە ڕێگای ١٤ بنكە لە سنووری دهۆك كە جێگیرن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی بایۆمەتری بە شارۆچكەكانیشەوە كە ئێستا پرۆسەكەیان لێ بەڕێوە دەچێت، هەروەها تیمی گەڕۆكیشمان هەیە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویست بن بۆی بچین."
گوتیشی: "پێش ماوەیەك نووسراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئێمە هات، لەو نووسراوەدا هاتووە ئەوانەی سەردانی فەرمانگە حكوومییەكان دەكەن بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانیان پێویستە تۆماری ئەلیكترۆنی بایۆمەتری ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە مامەڵەكانیان بۆ ڕایی ناكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە سەردانی نزیكترین بنكەی تۆماری ئەلیكترۆنی بایۆمەتری بكەن، ئەو نووسراوەیش هاندەرێك دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان زیاتر سەردانی ئەو بنكانە بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن."
حەسەن ئەوەشی گوت: "تا ئێستا سەدا١٢ زیاتری هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دهۆك خۆیان تۆمار كردووە، پێویستمان بە هاوكاریی هەموو لایەكە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، لەوانە لایەنە سیاسییەكان، دەزگاكانی ڕاگەیاندن مامۆستایانی ئاینی، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر ڕوو ی هاووڵاتیان لەو پرۆسەیە بكەن، ڕاستە ئەو ڕێژە لە تموحی ئێمەدا نییە بەڵام بەهۆی كەم كارمەندی، ئێمە ناچار بووینە لە كۆی ٤١ بنكە تەنیا ١٤ بنكە لە سنووری دهۆك بكەینەوە، كە ئەوە یەكێك لە هۆكارەكانە."
بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكان لە ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك زیاتر دەڵێ: ئێمە وەك ئۆفیسی دهۆك لە قۆناغەكانی داهاتوو هەوڵ دەدەین لەگەڵ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان كار بكەین بۆ ئەوەی تیمەكانی خۆمان زیاتر لێ بكەین و لە هەموو ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە دابنێین كە زیاتر كاری هاووڵاتیان تێدا بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین، كە ئێستا لە هەندێك فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی چەند تیمێكمان داناوە، كە ئێمە پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا ڕێژەی سەردانكەران زیاتر ببێت، بە تایبەتی پاش ئەوەی حكوومەتی هەرێم پشتگیری خۆی بۆ پرۆسەكە دووپات كردەوە، داوایش لە هاووڵاتیان دەكەین زیاتر سەردانی بنكەكان بكەن بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان لە مافی دەنگدان بێبەش نەبێت."
ڕابین شێروانی




