حەوت برینداری تەقینەوەكەی حەسەكە رەوانەی هەرێم كراون

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی خاڵی سنووری پێشابوور ڕایگەیاند، تاوەكو ئێستا حەوت برینداری تەقینەوەكەی حەسەكە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراون بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت.
(شەوكەت بەربەهاری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دوای تەقینەوەكەی حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان، سەرەتا چوار بریندار رەوانەی هەرێمی كوردستان كران، دواتر سێ برینداری دیكەیش رەوانە كران كە ژمارەیان بووە حەوت بریندار، بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت".
(بەربەهاری) گوتیشی: "دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەمڕۆیش چەند بریندارێكی دیكە رەوانە دەكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئێمە ئاگادار نەكراوینەتەوە، هەر بریندارێكیش رەوانەی هەرێم بكرێت، ئێمەی لێ ئاگادار دەكرێتەوە".
چەند رۆژێك لەمەوبەر، تەقینەوەیەك لە حەسەكە ڕووی دا و بەو هۆیەوە نزیكەی ١٠٠كەس شەهید و بریندار بوون، دواتر بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی)، دەرگای نەخۆشخانەكانی هەرێم بە ڕووی برینداراندا كرانەوە و بڕێكی زۆری دەرمانیش بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرا.
بڵند ئیبراهیم




