٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە، هەنگاوێکی گەورەی کردەنییە لە پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، بەئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی مووچە، هەنگاوێکی دیکەیە لە پڕۆژی چاکسازیی کارگێڕی و ئیداری لە هەرێمی کوردستاندا.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 10-10-2016 لە هەولێر پرۆسەی بایۆمەتریی مووچەخۆرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی كارتی ئەلكترۆنیی وەرگرتنی مووچە، دەستی پێكرد و هەریەك لە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كرد.

دوای تۆماركردنی ناو و زانیارییەكانیان، هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران لێدوانیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەبارەی پرۆسەی بایۆمەترییەوە دا. لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیران ئاشكرای كرد كە ئەمە یەكێك لە هەنگاوە سەرەكی و گرینگەكانی پرۆسەی چاكسازیی كارگێڕی و داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ڕاشیگەیاند باشیی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە لەمەودوا ئەو كەسانەی بە نایاسایی دوو مووچەیان هەبوو، ئاشكرا دەبن و هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان داخلی ئەو پرۆسەیە دەكرێن كە داتابەیسێكی تایبەتە.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكەیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە كردووە و ئەمڕۆ بە شێوەیەكی كرداری دەستیپێكرد و لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بنكەی تایبەت دادەنرێت تاكو هەموو مووچەخۆران ناو و زانیاری خۆیان لەو داتابەیسە تایبەتەدا تۆمار بكەن، هەروەها سوپاسی قوباد تاڵەبانی و فەرمانگەی ئای تی لە ئەنجومەنی وەزیران و كارمەندانی نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكوومەتی كرد كە ماندووبوونێكی زۆریان كێشا بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە و دەستخۆشی لێكردن.

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە هەفتەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی بۆ وردبینیكردن لە داهات و فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان ئیمزا كرد و ئەمڕۆش پرۆسەی بایۆمەتریی مووچەخۆرانی دەستپێكرد و بە هەنگاوێكی ستراتیژی و گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی كارگێڕی و دارایی لە هەرێمی كوردستان ناساند و سوپاسی دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە تیمێكیان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە پێكهێناوە. ئەوەشی ڕاگەیاند كە ئامانجیانە لە ماوەی سێ مانگدا ناوی ملیۆنێك و چوارسەد هەزار مووچەخۆر تۆمار بكەن كە لە ئەنجامدا مووچەخۆری ڕاستەقینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت و ئاسانكاریەكیشە بۆ حكوومەت پێداچوونەوە بە میلاكاتی خۆیدا بكات و ژمارەی بانكی بۆ هەموو مووچەخۆران بكاتەوە و لەڕێگەیەوە ئەو بڕە مووچەیەی كە بۆیان پاشەكەوت كراوە، جارێكی دیكە بۆیان بخرێتەوە سەر ئەو ژمارە بانكییانە.

پرۆسەی بایۆمەتری یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكانی پلانی چاكسازیی كارگێڕی و داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و تیایدا ناو و زانیاری و پەنجەمۆر و گلێنەی چاوی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی داتابەیسێكی تایبەتەوە بە شێوەیەكی ئەلكترۆنی تۆمار دەكرێن و بەو ڕێگەیەش ڕێگە لە دوو مووچەیی و سێ مووچەیی دەگیرێت و هەر مووچەخۆرێك تەنیا یەك مووچەی دەبێت و ئەوانی دیكە لە سیستمی مووچە لادەدرێن، هەروەها لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە هەموو مووچەخۆرێكی حكوومەت كە لە ژێر هەر ناونیشانێكدا مووچە یان هەر بڕە هاوكارییەكی دیكە لە حكوومەت وەربگرێت، دەبێتە خاوەن ژمارەیەكی تایبەتی وەك (ژمارەی كۆمەڵایەتی) كە تیایدا هەموو داتا و زانیارییەك لەبارەی هەڵگری ژمارەكەوە تۆمار دەكرێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار