ئەکرەم ساڵح: گۆڕانكاری دەكرێت

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٢ گەرمیان پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو لیژنانەی لەناو پارتی بۆ چاكسازی پێك هێنرابوون ڕاپۆرتی خۆیان تەواو كردووە و داویانەتە مەكتەبی سیاسی و مەكتەب چەند كۆبوونەوەیەكی كردووە و، گۆڕانكاری دەكرێت.
ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی ٢٢ پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەرمیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، چ لە حكوومەتی هەرێمدا و، چ لە حزبدا، ئەو لیژانەی لەناو حزب دیاری كراون، کاری خۆیانیان کردووە، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە ئۆرگانەكان و بوارە جیاجیەكان بكەنەوە، هەموو ئەمانە ڕاپۆرتی خۆیان تەواو كردووە و داویانەتە مەكتەبی سیاسی، مەكتەبی سیاسی چەند كۆبوونەوەیەكی لەسەر كردووە، بەڵام دیارە هێشتا نەگەیشتوونەتە كۆتایی و، جارێ بەردەوامیش دەبێت، بەڵام بە تەئكید گۆڕانكاری دەكرێت."
گوتیشی: "دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر سووتاندنی بارەگاكان و، شەهیدكردنی كادیرانی ئێمە، ماوەیەك هەوڵێكی دیكە هەبوو كە بە ناوی خۆپیشاندان و ناڕەزای خەڵك بۆ مووچە پەنا بۆ كاری توندوتیژی ببەن، بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارە خۆپیشاندانەكە توندوتیژیی لێ نەكەوتەوە، خەڵك تێگەیشتووە كە ئەو خۆپیشاندانانەی دەكرێت دەستێك لە پشتەوەیە و بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی ئەو كەسانە بەكار دەهێنن".
ڕابین شێروانی




