ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال: پەکەکە بەردەوام لە شنگال کێشە دەنێتەوە

شنگال-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال دەڵێت، ھەموو گەورە بەرپرسانی کوردانی ئێزدی دژی پەکەکەن لە شنگال، چونکە بەردەوام کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات، بۆیە دوای داعش پێویستە شنگال چۆڵ بکەن.
ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال مەیسەر حەجی ساڵح بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەکەکە ئەوسا و ئێستاش بەردەوام کێشە بۆ شنگال دروست دەکات و، ھێزێکی ناقانوونییە، بۆیە پێویستە شنگال چۆڵ بکات، بەڵام ئێستا بەھۆی ئەوەی داعش تاوەکو ئێستا ماوە لێیان بێدەنگ بووینە، دوای داعش ھەرچۆنێک بێت بە خۆشی یاخود ناخۆشی پێویستە ئەو ناوچە جێبێڵن."
مەیسەر حەجی ساڵح گوتیشی، ئەوانەی لەگەڵ پەکەکەدان لە شنگال کۆنەبەعسی و ئەوانەن کە بەرژەوەندیی تایبەتیان لەگەڵ پەکەکەدا ھەیە، گەرنا ھەموو گەورەبەرپرسانی کوردانی ئێزدی وەکو میر و بابەشێخ و گەورەکانی دیکە دژی پەکەکەن."
گوتیشی، پەکەکە چەند لە شنگالدا بمێنێتەوە کێشەی زیاتر دەنێتەوە؛ جارێ با داعش نەمێنێ، جا شنگالیان پێ چۆڵ دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




