٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کونسووڵی فەرەنسا: هەوڵی جیددی بۆ پێوەندی زیاتری نێوان هەولێر و پاریس دەدەم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیران پێشوازی لە كونسووڵی نوێی فەرەنسا کرد و لە دیدارەکەدا کونسووڵی نوێی فەرەنسا رایگەیاند کە هەوڵی جیددی دەدا بۆ پێوەندی زیاتری نێوان هەولێر و پاریس.

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ٩-١٠-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە دۆمینیك ماس كونسووڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا ماس خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆكوەزیران و دەستبەكاربوونی وەك كوونسوڵی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە پێشوازییەكی گەرمیان لێكردووە لەو ماوەیەی هاتۆتە هەرێمی كوردستان، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەوڵی جیددی بەمەبەستی باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و پاریس بەتایبەتی لە بوارەكانی كەلتووری و ئابووری و بوارەكانی دیكەدا دەدات.

 

جەختی لەوەش كردەوە حكوومەتی فەرەنسا شانازی بە خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەوە دەكات كە توانیویانە بە شێوەیەكی دلێرانە و بوێرانە بەرگری لە مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد بكەن و ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بحەوێننەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن، ئامادەییی وڵاتەكەیشی لە بەردەوامیی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

 

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كوونسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەولێر خواست و پاڵپشتی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی بۆ سەرخستنی كارەكانی دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە دیرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا كرد و هیوای بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا خواست، لەمبارەیەشەوە ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر ئاسانكاری و هاوكارییەك دەربڕی.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سوپاسی هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی فەرەنسای كرد بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست بەتایبەتی كە پێشبینی دەكرێت دوای ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن. جەختی لەوەش كردەوە كە فەرەنسا دەتوانێت لە ڕووی كلتووری و زانستی هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و ئەزموونی خۆی لەم بوارانەدا پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.

 

هەر لە دیدارەكەدا چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە بە بارودۆخی دەڤەرەكەوە، تاوتوێكرا.

هەواڵی پەیوەندیدار