"شەهید عوسمان وەكو ئەم خەڵكە بێ مووچە بوو؛ بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسیارەتییەكی لەئەستۆدا بێ، شەهید كرا"
__2016_10_09_h16m42s3__HK.jpg)
گەرمیان-KDP.info- براکەی شەهید عوسمان عەدنان لە ساڵیادی شەهیدكردنی براكەیدا دەڵێ خۆ براكەی منیش وەكو ئەم خەڵكە بێ مووچە بوو هیچ بەرپرسیارەتییەكیشی لەئەستۆ نەبوو ئاوا شەهید كرا، تەنها كادیرێكی پارتی بوو بەبێ ئەوەی دینارێك قازانجی پێ درابێت. گوتیشی "كۆڵ نادەین تا تاوانباران و بكوژانی براكەم دادگایی دەكرێن."
مستەفا عەدنان برای شەهید عوسمان عەدنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك ئەوەی ئاشكرایە لە سەرەتاكانی مانگی تشرینی یەكەمی پارساڵ هەندێك كەسی گێرەشێوێن هەڵسان پشێوی و ئاژاوەیان نایەوە، بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستانیان لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان بە ئامانج گرت و، لە ئەنجامی گیرەشێوێنییەكاندا برایەكی من بە ناوی عوسمان عەدنان شەهید كرا، خۆ براكەی منیش وەكو ئەم خەڵكە بێ مووچە بوو هیچ بەرپرسیارەتییەكیشی لەئەستۆ نەبوو ئاوا شەهید كرا، تەنها كادیرێكی پارتی بوو بەبێ ئەوەی دینارێك قازانجی پێ درابێت."
مستەفا عەدنان ڕوونیشی كردەوە: "خەڵكی بۆ باشتركردنی باری ژیانی هاتبوویە سەرشەقام تا داوای مافی خۆی بكات، بەڵام حزبەكان دەستی خۆیان تێخست و بەلارێیاندا برد تا هەڵبكوتنە سەر بارەگاكانی پارتی و ئاوا جەرگی دایكی من بسوتێنن. خۆ ئەمساڵیش نیازیان هەبوو دووبارەی بكەنەوە بەڵام بۆیان نەكرا."
براکەی شەهید عوسمان جەختیشی كردەوە: "دەبا حكوومەت ئەركی خۆی جێبەجێ بکردایە و تاوانباران و بكوژانی براكەمیان دادگایی كردبا، بەڵام تائێستا تاوانباران نەدۆزراونەتەوە و ڕووبەڕووی دادگا نەكراونەتەوە لە كاتێكدا سكاڵامان تۆماركردووە و پارێزەریشمان گرتووە بەڵام هیچی لێ شین نەبووە چونكە كەسانی حزبی بوون ئەم تیرۆرەیان كرد. ئێمە وەكچۆن لە سەرەتاوە سكاڵامان تۆمار كرد ئاواش كۆڵ نادەین و دەبێ تاوانباران و بكوژانی براكەم دادگایی بكرێن."
لە ئاخریشەوە ئاماژەی دا: "لەم ڕۆژەدا ئێمە وەكو بنەماڵەی شەهید سەری ڕیز و نەوازش بۆ شەهیی برام و سەرجەم شەهیدانی تری ڕێگای ئازادی و خەباتی كوردستان دادەنوێنن. هیوادارم خوێنی براكەم ببێتە هەوێنی ئاشتی بۆ هەموو كوردستان."
عوسمان عەدنان محەمەد ناسراو بە محەمەد لە هێرش و پشێوییەكانی 10ـی تشرینی یەكەمی پارساڵ بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی، لە نزیك بارەگای لیژنەی ناوچەی پارتی لە كەلار بە شێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە و دڕندانە لەلایەن دەستێكی ئاژاوەگێڕەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و شەهید كرا.
سەرباز واحد




