٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەشواق جاف: پۆستی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران، پشكی پارتییە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران پشكی پارتییە و كاتی خۆی وەكو شایستەیەكی هەڵبژاردن دراوەتە پارتی، ئێستاش كاندیدمان بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە بەڵام بەشێك لە لایەنە كوردییەكان دژی وەستاونەتەوە و، بەڵام ئەمە پۆستی ئێمەیە و قبووڵی ناكەین بدرێتە لایەنێكی تر."

د. ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كاتێكدا لای هەمووان ڕوونە پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و كاتی خۆی وەكو شایستەیەكی هەڵبژاردن دراوەتە پارتی، ئێستاش كاندیدمان بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە كە (سیروان زەهاوی)ـیە. بەڵام بەشێك لە لایەنە كوردییەكان دژی وەستاونەتەوە و ئەوەتا لایەنێک كاندیدی خۆی دیاری كردووە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە ئەمە پۆستی پارتی دیموكراتی كوردستانە و قبووڵی ناكەین بە لایەنێكی تر بدرێت."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە: "هیچ كێشەیەك نییە چارەسەر نەكرێت لەسەر میزی گفتوگۆ، بەڵام ئەم رەفتارو هەڵوێستەی لایەنە كوردیەكان خزمەت بە بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد ناكات و دەبێ ئێمەی كورد لە بەغدا یەكریز بین و یەكدەنگ بین بۆ داواكارییەكان و مافەكانی گەلەكەمان، ناكرێ هەر لایەنە و بۆ خۆی كار بكات، ئەگەر یەكگرتوو و یەكڕیز نەبین شكست دێنین لە بەغدا."

جاف جەختیشی كردەوە: "هەندێك لایەنی كوردی بە مەبەستی دژایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا هەموو كارێك دەكەن و كارەكانیان زیانی زۆری بە گەلی كورد گەیاندووە، ئەوەتا ئەوانەی دژی گەلی كورد كار دەكەن بە تایبەت بەشێك لە شیعەكان و باڵی مالیكی هەوڵ دەدەن ئەم هەڵویست و ڕەفتارانەی لایەنە كوردییەكان بقۆزنەوە و هەر دژی خۆمان بەكاری دێننەوە."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار