حەیات مەجید: هەوڵ دەدرێ متمانەیەكی بەهێز لەنێوان هاووڵاتیان و حكوومەت دروست بكرێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات ئەو پەرلەمانتار و حزبانەی ڕەخنە لە گریبەستەكەی نێوان حكوومەت و كۆمپانیای دیلۆت دەگرن، بووەتە پیشەیان و ڕەخنە لە هەموو شتێك دەگرن كە سوودی بۆ ئەم هەرێمە هەبێت. لەكاتێكدا زانیاریی ئەوتۆیشیان لەسەری نییە، ئەم كارەشیان بۆ دەستەوەسان و شكستەكانی خۆیان دەگەڕێتەوە و هەوڵی شاردنەوەی كەموكووڕییەكانی خۆیان دەدەن.
(حەیات مەجید پەرخی) پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆت هەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە و چاوەڕێی سەركەوتن و پێشكەوتن و گۆڕانكاریی گەورە دەكرێت دوای ئەم هەنگاوە. ئاخر كۆمپانیای دیلۆت یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان و لە بوارەكانی وردبینی و ژمێریاری و باج و چەندین بواری تر كار دەكات و خاوەن پێشینەیەكی زۆرەو لە جیهاندا باوەڕ و متمانەیەكی زۆری لەسەرە."
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردەوە: "ئەم كۆمپانیایە گرێبهستى پڕۆژهى وربینیى سهربهخۆى داهات و خهرجییهكانى نهوت و گاز له ههرێمى كوردستان لەگەڵدا واژۆ كراوە و هەوڵ دەدرێ متمانەیەكی بەهێز لەنێوان هاووڵاتیان و حكوومەت دروست بكرێت. كاركردنی ئەم كۆمپانیایە گەشەیەكی زۆریش بە كەرتی نەوتی هەرێم دەدات و دەبێتە بناغەیەكیش بۆ وردبینی و ژمێریاری لە كەرتی نەوتدا."
(پەرخی) ئاشكراشی كرد: "ئەو پەرلەمانتار و حزبانەی ڕەخنە لە گریبەستەكەی نێوان حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیای دیلۆت دەگرن، بووەتە پیشەیان و ڕەخنە لە هەموو شتێك دەگرن كە سوودی بۆ ئەم هەرێمە هەبێت لە كاتێكدا زانیاریی ئەوتۆیشیان لەسەر بابەتەكان نییە، ئەم كارەشیان بۆ دەستەوەسان و شكستەكانی خۆیان دەگەڕێتەوە و هەوڵی شاردنەوەی كەموكوڕییەكانی خۆیان دەدەن. باشترە زانیاری لەسەر كۆمپانیاكە و پێشینەی كاری كۆ بكەنەوە و ناوەرۆكی ڕێكکەوتنەكە سەیر بكەن ئەوكات بڕیار بدەن كە چی دەكرێت."
رایشیگەیاند: "هەندێك لایەن و كەسایەتی، هەموو هەوڵ و كارێكیان بۆ لێدانە لە حكوومەت و ئیتر كێشەیان نییە چی دەڵێن و، زانیارییان چەندە، پێیان وایە بەم كارەیان دەتوانن سەنگ و، قورسایی خۆیان و لایەنەكانیان بەرز بكەنەوە. بەڵام زۆر هەڵەن و ئیتر خەڵك لە هاشوهووشیان گەییوە و دەزانی دەهۆڵكوتینیان لەپای چییە؟"
لە پێنجی ئەم مانگەدا گرێبەستی پڕۆژەی وردبینیی سەربەخۆی داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا وردبینیکەرە جیهانییەکەی دیلۆتەوە ئیمزا كرا، ئەمەش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە لە پرۆسەیەكی درێژی كارگێڕی و یاسایی و شەفافی تەندریندا، بەپێی بنەما كارپێكراوە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر ڕۆشناییی ڕێنماییەكانی گرێبەستی گشتیی ساڵی ٢٠١٦ی هەرێمی كوردستان، هەڵبژێردرا."
سەرباز واحد




