فرسەت سۆفی: هەموو وەزارەت و دامودەزگاكان بە داهاتی هەولێر و دهۆك بەڕێوە دەبرێت
_(2)__2016_10_08_h17m36s32__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info-ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات داهاتی سنووری پاریزگای سلێمانی نایەتەوە مەركەز و دەچێتەوە بانكەكانی سلێمانی و خۆیان بەكاری دێننەوە و حكوومەتیش ناڕوونییەكی لا دروست بووە و نازانی داهاتەكە چۆن دێت و چۆن دەروات، تەنها بە ژمارە داهاتەكان دێنە وەزارەتی دارایی. گوتیشی: "خەرجی هەموو وەزارەت و دامودەزگاكان بە داهاتی هەولێر و دهۆك بەڕێوە دەبرێت و ئەوان بەشدار نین لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا."
د. فرسەت سۆفی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بابەتی بەهەدەردان و گەندەڵی بە هەموو سێكتەرەكانەوە هەر لە بواری باجی خاڵە سنوورییەكان و خانووبەرە و زەویوزار و دزێدبڕین (زێدەڕۆیی)، لە وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەكان، لە داودەرمان و سێكتەرەكانی تەندروستی، لە بواری سەربازی، لە بورای دامەزراندن و خانەنشینكردن و چەكی بانكی، لە هەموو سنورەكانی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، ئەوە نییە ناوچە و شارێك گەندەڵیی تیدا بێ و ئەوی تر فریشتە بێ. بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە كە لایەنێك دوای بوونی ئەو هەموو گەندەڵی و بەهەدەردانە خۆی بە فریشتە پێشان بدا و هەموو شتێك بخاتە ئەستۆی لایەنێكی تر."
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كرد: "داهاتی سنووری پاریزگای سلێمانی نایەتەوە مەركەز، بەڵكو دەچێتەوە بانكەكانی سلێمانی و خۆیان بەكاری دێننەوە، حكوومەتیش ناڕونییەكی لا دروست بووە و نازانی داهاتی سنووری سلێمانی چۆن دێت و چۆن دەڕوات، چونكە تەنها بە ژمارە داهاتەكان دێنە وەزارەتی دارایی و پارەی نەخت هەر لە سلێمانی دەمێنێتەوە و هەر لەویش خەرج دەكرێتەوە. هەر ئەمەش وای كردووە نەسریەی یەكەی 80ـی هێزی پیشمەرگە دوا بكەوێ و، یەكەی 70 دوا نەكەوێ و بەشێك لەم پارەیەی داهاتی سلێمانی بۆ بەكار دێنن. خۆی دەبێ سلێمانییش بەشدار بێ لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە و هەموو دامودەزگاكان بە داهاتی هەموو كوردستان بەڕێوە بچن. چونكە ئەوانیش هەر بەشداری حكوومەتن و بەشێكن لەم حكوومەت و هەرێمە. خەرجی هەموو وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەت بە داهاتی هەولێر و دهۆك بەڕێوە دەبرێت و ئەوان بەشدار نین لە ئیدارەدانی دەوڵەت."
د. فرسەت سۆفی ڕونیشی كردەوە: "بابەتی ئاشكراكردنی دزینی پارە لە خاڵە سنوورییەكان ئەركی دەستەی دەستپاكی و دەزگای لێكۆڵینەوەیە تا بیسەلمێنن كە چەندی دزراوە و چەندی بەهەدەر دراوە و چەندی حزب بردوویەتی و چەندی كەسایەتییەكان بردوویانە؛ بابەتی نەوتیش تیبینییەکی زۆری لەسەرە، چونكە گەندەڵییەکی زۆری پێوە كراوە و زۆری لێ بەهەدەر دراوە، ئەویش هەر دەبێ دەستەی دەستپاكی و دەزگای لێكۆڵینەوە یەكلایی بكەنەوە."
سۆفی جەختیشی كردەوە: "دوای ئەو بەرنامە چاكسازیەی (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند بەردەوامین و زۆر بە جدی كار لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی دەكەین، زۆرێك لە كەیسی بەرپرسانی گەورەی وڵات لە دادگا و دەستەی نەزاهەیە و لیژنەی بەدواداچوونیان بۆ دروست كراوە. پەنا بە خودا لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی كرداری لە لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنی كۆمەڵە كەسێك دەبینن بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانەوە. نایشكری بەهۆی حزبێك یان كەسێك زیان لە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی بدرێت و پێشی هەمووان لە پارتی دەستمان پێكرد و دەست لە كەس ناپارێزین. بەڵام بەداخەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەدەمەوەهاتنیكی وا بۆ ڕووبەڕوبوونەوە و چاكسازیكردن لە گەندەڵی بوونی نییە. بەڵام لە هەولێر و دهۆك لە ئایندەیەكی نزیكدا دەرەنجامەكانی دەبینن بۆ نموونەش لە مانگی شوباتەوە كە جەنابی سەرۆك پرۆژە چاكسازییەكەی ڕاگەیاندووە تائێستا پێشێلكاری و دابڕین (زیادەڕۆیی) زۆر كەمی كردووە لە چاو جاران."
سەرباز واحد




