ئەو تاوانبارانەی پار بارەگاکانی پارتییان سووتاند، هێشتا سزا نەدراون

سلێمانی-KDP.info- ساڵێک بەسەر ھێرشکردن و شەھیدکردن و بارەگاسووتاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە (ئیدارەی ھەڵەبجەی جاران) و گەرمیاندا تێپەڕ دەبێت؛ بەرپرسانی پارتییش لەو سنوورە باس لەوە دەکەن تا ئێستا ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە بە سزای خۆیان نەگەیشتوون و جگە لە شەرمەزاری ئەو لایەنانەی ئەوکارەیان کردووە ھیچی تریان بۆ نەماوەتەوە.
بەرپرسی لقی ١١ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە (نەجات حەسەن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان تێپەڕ دەبێت تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێک نەناوە ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە کە ئاراستەی بەشێک لە خۆپیشاندانەکانیان بۆ سەر بارەگاکانی پارتی گۆڕی کە پێشمەرگەکانی ئێمە لە پشوودا بوون و بارەگاکانیان دەپاراست کە ڕۆژی ھەینی بوو دادگا ئەو کەیسەی یەکلایی نەکردووەتەوە کە ئێمە سکاڵامان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشێروان مستەفا ھەیە و سکاڵامان لەسەر دەزگا ئەمنیەکان ھەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیدارەی ئێرە گۆڕانیش تێیدا تەحەکوم دەکات کەیسەکە لە دژی ئەو پێشمەرگانەی ئێمە جووڵێندراوە! بەتایبەت ئەوانەی قەلادزێ، ھەموو ئەوانەی دیکە وەکو خۆپیشاندانی بێمۆڵەت و تەقەکردن و بارەگاسووتاندن ئەوانە لا براون!"
گوتیشی، لە دوای ساڵێک لەو ڕووداوانە ڕێکخستنەکانی ئێمە پتەوتر بوونە لە جاران و، ئومێدەوارین ئەو بەشە خەڵکەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆخۆیان بەکاری دەھێنن چاویان کراوەتر ببێت؛ بەسە ئیتر بەکارهێنانی کوڕی خەڵک بۆ چەواشەکاری؛ ئومێدەواریشین ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی مووسڵ سەقامگیری و تەباییەیەکی زیاتری تێ بکەوێت و قەیرانی داراییش چارەسەر ببێت."
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەلار (بەھمەن کاکە عەبدوڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو ١٠/١٠ لە ئەنجامی شکەستەکانی نەوشێروان مستەفا بوو کە دەستی کردبوو بە کێشە دروستکردن لە بەردەم دەوڵەتی کوردیدا؛ ئەمەش دوای ئەوەی ١٨/٥ ساڵی ڕابردوو سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان کرد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم؛ ئەوکات نەوشێروان مستەفا و عەلی باپیر و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کەوتنە پلاندانان بۆ شکەستھێنان بەو پڕۆژەیە کە لە ٢٣ی حوزیران بە پڕۆژەی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەستیان پێکرد، دواتر لە ١٩ی ئاب تووشی شکەست بوون و، دواتر بۆ ئەوەی دۆخی کوردستان تێک بدات نەوشێروان مستەفا پیلانیان دا بە ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی لە ٩ـی مانگ لە قەڵادزێ و ڕۆژی دواتر بۆ سەر بارەگاکانی پارتی لە کەلار و سەیدسادق."
گوتیشی، ئەوکارەیان کرد بۆ ئەوەی پارتییش ھەمان کاردانەوەی ھەبێت لە ھەولێر و دھۆک بۆ ئەوەی سەرلەبەری دۆخی ھەرێم تێک بچێت، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا ئەو کارە بکرێت و ڕۆڵی ھێزە ئەمنیەکانیش تەنها تەماشاکەر بوو؛ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو سنوورانەدا ھێرش کرایە سەر بارەگاکانی پارتی کە قایمقامەکانی گۆڕان بوون و ئەو خەڵکەی ھێرشی کردووە و دەرگای بارەگاکانی پارتی دەشکێنن بە (اللە اکبر) دەچنە ژوورەوە؛ جگە لەوە کادیری پەکەکەشی تێدا بووە! خۆی کلتوری ئەوان وایە کە ئاژاوە بنێنەوە."
(بەھمەن کاکەعەبدوڵا) ڕاشیگەیاند، لەو کارە تەنھا ڕیسوایی و شەرمەزارییان بۆ مایەوە و جگە لەوەش خەڵکی ئەو ناوچانەیان تووشی کارەسات کردووە کە ژیان لەو ناوچانە تا ڕادەیەک وەستاوە لە ژێر دەستەڵاتی ئەواندا؛ بەڵگەمان ھەیە بە ھاندانی ئەوان ماموستایان دەوامیان بایکۆت کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ھەموو فەرمانگەکان بایکۆت دەکەن و دەوام ناکەن و تەنانەت بازرگانیکردنیش خەریکە دەوەستێ؛ ڕاستە قەیرانی دارایی ھەیە، بەڵام لە ھەولێر و دھۆکدا بەو شێوەیە نییە و جووڵە لە ھەموو بوارەکان باشترە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵات لەو ناوچانە بەرپرسیارانەتر مامەڵە دەکەن؛ جا هەقە خەڵک ھەڵوێست وەربگرن و، لە کاتی هەڵبژاردندا ئەمانە ئاقڵ بکەن."
بڵند ئیبراھیم




