٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گرێبەستەکەی حکوومەت ھەنگاوێکی گرینگە.. ده‌رفه‌تی چه‌واشه‌كردن ناهێڵێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی سەنتەری زانیاریی لێکۆڵینەوە و ستراتیژیی کوردستان دەڵێت، ئەو گرێبەستەی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانیدا کردوویه‌تی كه‌ بۆ وردبینیی داھاتەکانه‌، ھەنگاوێکی زۆر باشە، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی بۆ مه‌به‌ستی سیاسی چەواشە نەکرێت.

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوە و ستراتیژیی کوردستان (د.ئاراس خۆشناو) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئەمە رێگایەکی دروستە بۆ ئەوەی بگەیە ئامانجێکی سەرەکی، ئەویش ئەوەیە داھاتی نەوت و گاز و داھاتە ناوخۆییەکان ته‌واو ڕۆشن بن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئەو کۆمپانیایەی حکوومەت گرێبەستی لەگەڵدا کردووە، یەکێکە لە چوار کۆمپانیاکانی جیھان لەو بوارەدا، ئەمە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی و ئه‌و پرسیارانەی بە بەردەوامی دەکرێن، بەڵام هه‌ر هێنده‌ به‌س نییە، قۆناغی دیکەش ھەن وەکو ئەو راپۆرتانەی دێن و ھەندێک شێوازی دیکە کە بە سادەیی بۆ خەڵکی ڕوون بکرێتەوە و، شتێکی دیکە ھەیە پێی دەگوترێت گرووپی بەرژه‌وەندی، کە دەکرێت جگە لە حکوومەت و کۆمپانیای وردبینیکردن، ھەندێک لە رێکخراوەکانی تایبەتمەندیش لەو بوارە و نوێنەرایەتیی ھەندێک خەڵک و ئەکادیمیای خۆیشمان، وەکو لایەنێکی دیکە، له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌بن، ئه‌مه‌یش بۆ زیاتر متمانەدانه‌ بەوکارە.''

(خۆشناو) كه‌ بڕوانامه‌ی دکتۆرای لە کارگێڕیی داراییدا هه‌یه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌، ئامانجی ئەو گرێبەستە ئەوەیە کە ئەو گومانانە لەبارەی ناڕوونیی داھاتدا نەمینێت، ده‌شڵێت، ''پێویستە چاوەڕێ بکەین بزانین راپۆرتی مانگی دابێ بە سەرپەرشتیی ئەو کۆمانیایە لەبارەی داھاتەکانه‌وه‌ چۆن دەبێت.''

(د.ئاراس خۆشناو) ڕوونی کردەوە، حکوومەت خۆی بڕیاری داوە لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی کە سەرۆکی حکوومەت لە ھەندێک دانیشتن خۆی ھەندێک بڕیاری داوە، پێویستە جێبەجێ بکرێت. ئەویش ئەوەیە کە پێدانی زانیاریی تەواوە لەسەر کۆی داھاتەکانی نەوت و ئەوانەی دیکەش. دووەم پێداچوونەوە و وردبینیکردنه‌ لەلایەن کۆمپانیا و خەڵکی دەرەکی بێت، بۆ ئەوەی ئاستی متمانە بەرز بکرێتەوە لەبارەی داھات و ڕوون بێت، به‌ باوه‌ڕی من ئەوەی کراوە زۆر باشە.''

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوە و ستراتیژیی کوردستان راشیگەیاند،  ئەو کۆمپانیایە پێویستی بە ھەماھەنگیی تەواوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و گشت فەرمانگەکانە بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌وان كاتێك داوای ھەر زانیارییەک بکەن پێویستە بۆیان ئامادە بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌ستیانه‌وه‌، چونکە ئەوانە فۆرمێکیان ھەیە و ھەموو زانیارییەکانی تێدا دەنووسن کە ئەمەش شتێکی ستانداردە''، باسی لەوەش کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەو ھەنگاوەی ناوە، خۆی داوا دەکات داھات ڕوون بێت، چونکە داوای لە ھەموو حیزب و لایەنەکان کردووە فەرموو با دانیشین بۆ ئەوەی کۆی گشتیی پرۆسەکەتان بۆ ڕوون بکەینەوە کە لێدوانی جیا جیای له‌باره‌وه‌ ده‌درێ، هه‌ڵبه‌ت ھەندێک كه‌س له‌ مێدیاكانه‌وه‌ قسەیان له‌باره‌یه‌وه‌ دەکرد، بۆیە بەم کارە چیتر خەڵک چەواشە ناکرێت و بابه‌تی داهات چیی دی و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی بە ئاقارێکی دیکەدا نەبردرێت.''

پێشنوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 5/10/2016 له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، گرێبه‌ستى پڕۆژه‌ى وربینیى سه‌ربه‌خۆى داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمپانیاى وردبینیى جیهانیى دیلۆیته‌وه‌ ئیمزا كرا، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى  كۆمپانیاكه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كى درێژى كارگێڕى و یاسایى و شه‌فافى ته‌ندریندا، به‌پێى بنه‌ما كارپێكراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و له‌ژێر ڕۆشناییى ڕێنماییه‌كانى گرێبه‌ستى گشتیى ساڵى 2016ى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژێردرا.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار